ئێران دەتوانێت شكست بە توانا سەربازییەكانی ئەمریکا بهێنێت؟ وەرگێڕان

نوچە نێت

وەرگێڕانی: دنیا ئەحمەد

بۆیەکەمجار فڕۆکەیەکی جەنگی (ئێف 35) ـی ئەمریکا لە ئەرکێکی سەربازیدا لەلایەن سوپای پاسداران کرایە ئامانج و زیانی بەرکەوت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمەریکا ئەو هێڕشەی پشتراست نەکردۆتەوە، تەنیا ئیدارەی واشنتۆن ئاماژەی بەوە کردووە ئەو فڕۆکە زیانی بەرکەوتووە بێ ئەوەی ئاماژە بەوردەكاریی زیانەکان بکات. هاوکات هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازیی دیێگۆ گارسیای هاوبەشی ئەمەریکا و بەریتانیا لە زەریای هیند توانای سوپای ئەمەریکا ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە دەکاتەوە، چونکە ئەو مووشەكە لە دووری (4) کیلۆمەتر لە خاکی تاران هاوێشتراوە، وەک بۆمبێکی ئەتۆمی جیهانی بەخۆی سەرقاڵکردووە، کە ‌هێرشەکە دەری دەخات توانای هێرشی مووشەکی ئێران زۆر لەوە زیاترە کە ئێران ڕایگەیاندووە. 

ئایا ئێران فڕۆکەی جەنگی (ئێف 35)ـی ئەمریکا تێكشاندووە؟

ئەم ڕووداوە بۆتە جێگەی شەرمەزاری بۆ ئەمەریکا، چونکە ئەو فڕۆکەیە کە هەموو دونیا ترسی لێی هەیە، لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران زیانی بەرکەوتووە، هەربۆیەش ناچاربووە فڕۆکەکە بە خێرایی بنیشێتەوە، سوپای پاسدارانیش دەڵێت: ئێمە سەرکەوتووبوینە لە زیانگەیاندن بەو فڕۆکە زەبەلاعەی ئەمەریکا.

هاوکات فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) پشتراستی کردەوە، کە بەڵی فڕۆکەیەکیان ناچار بووە بەشێوەیەکی نائاسایی بنیشێتەوە، ڕاشیگەیاندووە کە باری تەندروستی فڕۆکەوانەکە جێگیرە و لێکۆلینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە، بێ ئەوەی ئاشکرای بکات لەلایەن چ هێزێکەوە هێرش کراوەتە سەری.

لەلایەکی دیکە زانیارییەکانی ڕاداری فڕین ئەو موشتومڕەی قوڵتر کردەوە، ئاشکرای کردووە لەدوای ئەوەی ئێران رایگەیاند زیانیان بە فڕۆکەی جەنگی (ئێف 35)ـی ئەمەریکا گەیاندووە، کۆپتەرێکی جۆری یۆینگ (CH-47) چینوکی ئەمریکی تایبەت بە ڕزگارکردنی سەر بە سوپای ئەمەریکا فڕینێکی لە ڕۆژهەڵاتی سعودیە ئەنجام داوە، ئەم گەڕانەش گومانێکی زۆری دروستکردووە کە لەو شوێنەی ئێران ئاماژەی پێکردووە ڕووداوێک و هێرشێک ڕوویداوە. 

هەروەها شارەزایانی سەربازیی پێیان وایە ئەگەر هێرشی ئێران بۆ سەر ئەو فڕۆکەیە پشتراست بکرێتەوە، دەبێتە شکستێکی گەورە بۆ سوپای ئەمەریکا، لەلایەکی دیکە ئەو رووداوە تەنیا زیانێکی سەربازیی نییە، بەڵکو لێکەوتەی گەورەی لە بازاڕە جیهانییەکانیش دەبێت، چونکە دروستكردنی هەردانەیەک لەو فڕۆکەیە زیاتر لە (100) ملیۆن دۆلار تێدەچێت، بۆیە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە پشکەکانی کۆمپانیای بەرهەمهێنان لە بازاری چەکدا دەستبەجێ دابەزینی بەخۆیەوە بینی. 

لەگەڵ ئەوەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگی (ئێف 35) شانازییەکی گەورەیە بۆ پیشەسازیی ئەمریکا، كە تائێستا بەیەک هاوپەیمانی نەفرۆشتووە تەنیا بە ئیسرائیل نەبێ، ئەگەر پشتراست بێتەوە ئێران زیانی بەو فڕۆکەیە گەیاندووە ئەو کات پرسیار دروست دەبێت لەسەر توانا سەربازیی ئەمەریکا.

لەلایەكی دیكەوە، لە ئەگەری ئاشکرابوونی هێرشی ئێران بۆ سەر فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکا، پشتیوانی نهێنی ڕووسیا و چین بۆ سوپای پاسداران ئاشکرا دەبێت، چونکە شارەزایانی سەربازیی واشنتۆن پێیانوایە ئێران چەکی پێشکەوتووی نییە سیسەتمی بەرگریی ئەو جۆرە فڕۆکەیە تێپەرێنێت و زیان بەو فڕۆکەیەی ئەمەریکا بگەیێنێت، لێرەدا پشتراست دەبێتەوە ئەو دوو وڵاتە بەنهێنی هاوکاری سەربازیی پیشکەوتوویان پێشکەش بە ئێران کردووە.

هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازیی دیێگۆ گارسیای

سەرەتای دەستپێکردنی هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەدژی ئێران، زۆرێک پێیان وابوو ئێران توانایەکی سنوورداری هەیە لەڕووی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەو دوو وڵاتە زلهێزە، بەڵام وەک ئاشکرایە ئێران لە زۆربەی ناوچەکان پێگە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا دەکاتە ئامانج. بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ بەناونیشانی "هەڕەشەیەکەی گرنگ" ئاماژەی بە توانای سەربازیی ئێران کردووە و دەڵێت، ئێران لە دووری (4) هەزار کیلۆمەتر بنکەی دیێگۆ گارسیای هاوبەشی ئەمەریکا و بەریتانیا لە دەریای هیندی کردۆتە ئامانج، ئەمەش دوو هێندەی توانای هەڵدانی مووشەکەكەیە، وەک ئەوەی پێشووتر لەلایەن ئێرانەوە ئاماژەی پێکرابوو.

هەرچەندە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران گوتبووی، مەودای مووشەکەکانمان بە ئەنقەست بۆ دوو هەزار کیلۆمەتر سنووردار کردووە، بەڵام لە هێرشی سوپای پاسداران بۆ  سەر بنکەی دیێگۆ گارسیا دەردەکەوێت کە توانای هەڵدانی مەودای مووشەکی زیاتری هەیە.

سەبارەت بەو هێرشە، لەسەر زاری دوو بەرپرسی باڵای سەربازیی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بێت، بەو ڕۆژنامەیان ڕایانگەیاندووە، هەریەک لەو دوو مووشەکەی کە  ئاراستەی ئەو بنکەیە کراون، یەکێکیان بەر لە گەیشتنی بە ئامانجەکە لە ئاسماندا لەکارکەوتووە، هەروەها مووشەکی دووەمیان لەلایەن مووشەکێکی دیکە پوچەڵکراوەتەوە و هیچ زیانێك بە بنکەکە نەگەیشتووە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە توانای هاوێشتنی مەودای مووشەکەکانی ئێرانە، كە مووشەکی بالیستیکی مەودای مامناوەندی بەکارهێناوە. 

هاوكات ئیال زمیت، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل سەبارەت بەو هێرشەی ئێران، کە دووری (4) هەزار کیلۆمەتر ئەنجامیداوە، وێنەی نەخشەیەکی بڵاو کردۆتەوە و دەڵێت، کۆی وڵاتانی ئەوروپا لە ژێر هەڕەشەی مووشەکی ئیران دانە، بە دڵنیاییەوە سوپای پاسداران لە هێرشی مووشەکەكانیدا ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل نەبووە، مەودای هاویشتنی ئەو مووشەکانە بە ئاراستەی وڵاتانی ئەوروپا بووە، لەمەوبەدوا هەریەک لە پایتەختەکانی پاریس و بەرلین و ڕۆما ڕاستەوخۆ هەڕەشەی هێرشی ئێرانیان لەسەرە.

سەرچاوە: (یەنی شەفەق)

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین