راوێژکارێکی سەرۆککۆماری ئێران، تۆمەت ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکات ئێران

نوچەنێت

دوای رۆژێک لە پشتڕاستکردنەوەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی پیشەسازی سەربازی ئێران، محەمەد مەرەندی، راوێژکاری میدیایی تیمی دانوستانکاری حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی، هۆشداری دایە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی.

وەزارەتی بەرگری ئێران ئێوارەی رۆژی شەممە ٢٨ی ئەم مانگە پشتڕاستی کردەوە، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەنیازبوون لە دژی کۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازی لە پارێزگای ئیسفەهان چالاکی ئەنجام بدەن.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر بەهۆی ئاگری بەرگری کردنەوە خراونەتە خوارەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سێیەمیش زیانێکی کەمی بە سەقفی یەکێک لە کارگەکان لە کۆمەڵگەکە گەیاندووە.

محەممەد مەرەندی کە یاوەری تیمی دانوستانکاری ئێران بوو لە دانوستانە ئەتۆمییەکانی ڤیەننا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سەرچاوەی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری لە ناوچەی کوردستانی عێراقەوە ناساند.

مەرەندی ئەمڕۆ وێنەیەکی تەقینەوەکەی کۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازی ئیسفەهانی بڵاوکردەوە و لە تویتەردا نووسیویەتی: هەرچەندە نەتانیاهۆ و هاوپەیمانە تیرۆریستییەکانی کە رۆژئاوا پشتیوانیان لێدەکەن لە باکوری عێراق شکستیان هێنا، بەڵام (کردەوەکانیان) لێکەوتەی دەبێت.

محەممەد مەرەندی دەشڵێت، پێویستە هەردووکیان فێربن کە سەرەڕای شکست، سزاش بەڕێوەیە.

ئەم راوێژکارەی سەرۆککۆماری ئێران، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە قەیرانی ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل کە لە چەند رۆژی رابردوودا توندتر بووە، بە گاڵتەجاڕیەوە نووسیویەتی: هەفتەیەکی باش نییە بۆ رژێمی ئاپارتاید، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات.

دەسەڵاتدارانی فەرمی یان سەربازی ئێران تا ئێستا هیچیان لەبارەی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک سەرچاوەی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر بۆ ئیسفەهان نەگوتووە و محەمەد مەرەندیش لە پەیامەکەیدا هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئەو بانگەشەیە نەخستووەتەڕوو.

تا ئێستا هیچ بەرپرسێک لە ئیسرائیل باسی هێرشی مایکرۆ درۆن بۆ سەر کارگە سەربازییەکانی ئیسفەهان نەکردووە. لە ساڵانی رابردوودا ئیسرائیل بە ئەنجامدانی ژمارەیەک ئۆپەراسیۆن لە دژی پیشەسازییە سەربازییەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران تۆمەتبار کراوە.

عێراق و هەرێمی کوردستان لە مانگی کۆتایی بەهاری رابردوو تۆمەتەکانی ئێرانیان سەبارەت بە بوونی کەسانی سەر بە مۆساد، رێکخراوی هەواڵگری و سیخوڕی ئیسرائیل لە باکووری عێراق رەتکردۆتەوە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین