کاروانێکی چەک و تەقەمەنی ئێران لە سنووری عێراق کرایە ئامانج ئێران

نوچەنێت: ئاژانسەکان

گروپی چاودێری مافی مرۆڤ لە سووریا رایگەیاند، ئەو کاروانە بارهەڵگرانەی کە لە عێراقەوە هاتبوونە ناو سوریا رۆژی یەکشەممە ٢٩ی مانگ کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان و ئەم هێرشانەش چەندین کوژراویان بەجێهێشتووە.

بەگوێرەی راپۆرتی ئەم گروپە ئۆپۆزسیۆنە، کە چاودێری هەواڵی شەڕی سووریا دەکات، دەڵێت "شەش بارهەڵگر لە لایەن فڕۆکەیەکی نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج، دوای ئەوەی لە عێراقەوە چوونە ناو خاکی سووریا لە ناوچەی سنووری ئەبو کەمال".

ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە ئەو هێرشە ئاسمانییەی باسکراوە، کاروانی بارهەڵگرەکانی تێکشکاندووە و سەرنشینەکانی کوژراو و برینداربوون، بەڵام تا ئێستا ژمارەی کوژراو و بریندارەکان نادیارە.

رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: بارهەڵگرەکان چەکی ئێرانیان هەڵگرتبوو.

هەروەها ئەلمەرسەد نیوز لە عێراق، بڵاویکردەوە کە "بارهەڵگرەکانی هەڵگری چەک و مووشەک" لەم ناوچەیەدا کراونەتە ئامانج کە بنکەی میلیشیاکانی پشتیوانی ئێرانە.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، بەرپرسێکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە بەغدا پشتڕاستی کردۆتەوە، کە هێرشێک روویداوە بەڵام گوتوویەتی، تەنها یەک بارهەڵگر کراوەتە ئامانج و هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەگەری زیانەکانی گیانی نەداوە.

هاوکات رادیۆیەکی سەر بە حکومەتی سوریا پشتڕاستی کردەوە، کە لەم هێرشەدا شەش بارهەڵگر کراونەتە ئامانج.

جێگەی ئاماژەیە، کە تاران لە شەڕی ناوخۆی سوریادا پشتیوانی حکومەتی بەشار ئەسەد دەکات و چەکی سەربازی بۆ دابین دەکات.

بەپێی راپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لانیکەم دوو کاروانی دیکەی هاوشێوە لەم هەفتەیەدا لە عێراقەوە چوونەتە ناو سوریا بۆ ئەوەی بارەکانیان بگەیەننە گروپە لایەنگرەکانی ئێران لە شارۆچکەی ئەلمەیادین لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.

میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە دەورووبەری سنووری عێراق و سووریا، ئامادەیییەکی زۆریان هەیە و دەکەونە باشوور و رۆژئاوای رووباری فورات لە پارێزگای دێرەزووری سووریا.

ئەبو کەمال و ئەلمەیادین هەردووکیان لە پارێزگای دێرەزوورن. ناوچەی ئەبو کەمال لە ماوەی رابردوودا گۆڕەپانی هێرشی هاوشێوە بووە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە مانگی ١١ی ساڵی رابردوودا رایگەیاندبوو، کە کاروانێکی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران کە پێکهاتبوون لە "تانکەری سووتەمەنی و بارهەڵگری پڕ لە چەک" لە ناوچەکە کراوەتە ئامانج بەلایەنی کەمەوە ١٤ کوژرای لێکەوتەوە. بەڵام پاسەوانی سنووری عێراق لە هەمان کاتدا رایگەیاند کە هیچ زیانێکی گیانی لەم هێرشەدا نەبووە.

هاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە شەڕی پاشماوەی بەناو خەلافەتی ئیسلامی یان داعش دەکات لە عێراق و سوریا، پێشتر هێرشی لە دژی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە سوریا ئەنجامداوە.

ئیسرائیل هەروەها دانی بەوەدا ناوە، کە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆ لە سوریا، سەدان هێرشی ئاسمانی و مووشەکی لە دژی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە و پێگەی هێزەکانی حکومەت و ئەو هێزانەی کردۆتە ئامانج کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین