سەباح عەبدولڕەحمان: ناونیشانى هونەرمەند بۆتە چەتر بۆ زۆر کەس بەبێ ئەوەى هیچ بەهرەیەکى هەبێ کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان و شانۆکار و ئەکتەر ى دیارى هەولێر، پێیوایە زۆرى و بۆرى لە نێو هونەرى کوردى دروستبووە و "بەهەمووان دەگوترێ هونەرمەند، ئەو نانیشانە بووە بە چەتر بۆ زۆر کەس، کە هیچ بەهرەیەکیشی نییە لە هونەر."

لە دیمانەیەکى تایبەت هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان باس لەوە دەکات، کە دەبێ بۆ هونەر سیستەم هەبێت، بەڵام وەک خۆى دەڵێت، هەولێر پایتەختە، "بەڵام بێ شانۆیە ئەوەی کە باس دەکرێت کە شانۆ هەینە هۆڵی (رۆشنبیری، پێشەوا، میدیا) هیچیان ئەوانە شانۆ نین، بەو تایبەتمەندیانەی کە دەبینرێت، دنیا لە پێشکەوتندایە، لەناو ماڵی خۆت تەکنەلۆژیا کارت بۆ دەکات، کە چەندین کارت بۆ دەکات، خێرە ئێمە هەتا ئێستا شانۆیەکمان نییە."

 

دەقی دیمانەی ماڵپەڕ نوچەنێت لەگەڵ هونەرمەن سەباح عەبدولڕەحمان،شانۆکار و دەرهێنەرى ناسراوى کورد:

نوچەنێت: ئەلپاچینۆ ئەکتەری بەناوبانگ دوای مێژوویەکی دوورودرێژ لە سینەما، لە تەمەنی (80) ساڵیدا بڕیاریدا بگەرێتەوە سەر تەختی شانۆ ، ئەوەش بۆ دەرخستنی گرنگی شانۆ لە هونەردا، ئایا سەباح عەبدولڕەحمان لە مێژووی کاری خۆی چۆن سەیری چەمکی شانۆ دەکات، هێشتا بەگرنگ و پانتایی دەزانێت؟

سەباح عەبدولڕەحمان: شانۆ لای هەموو هونەرمەندانی جیهان خوێندنەوەی زانستی و ئەکادیمیش وا داندراوە، کە بنەما و بنچینەی سەر هەڵدانی بەهرە و توانا و لێهاتووی ئەکتەر و دەرهێنەر و هەموو ئەوانەی هەیە. ئەوەی ئێستا دەیبینی کە دوور نەڕۆین هەتا لە وڵاتانی عەرەبی نزیک لەخۆمان، هەموو ئەو ئەکتەرانەی کە ئەستێرەن و زۆر ناوداریشن خەڵکی بەدواداچوون بۆ کارە هونەرییەکانیان دەکات، نموونە (عادل ئیمام) یەکێکە لەو کەسانە، ئەمساڵ لەگەڵ ئەو تەمەنە گەورەیەیەی خۆی و بێتواناییەی خۆی ئامادە کردووە بۆ درامای مانگی رەمەزان، هۆکارەکەی چییە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە شانۆکار بە عەشقەوە سەرباری باری مەعریفی و ئەکادیمی بەعەشقەوە بەسترابێتەوە بە شانۆ، زۆر ئەستەمە بتوانێت واز لە شانۆ بێنێت، چونکە هەناسەی ڕاستی خۆی لە دوو شت وەردەگرێت، یەکیان؛ کاتی کارکردنی لەسەر شانۆ چێژێکی ئێجگار زۆری هەیە، هیچ شتێک بەرامبەری نییە وێنای بکات بەرامبەر بینەر. دووەمیان؛ هەناسە لە خۆشەویستی خەڵکەکە وەردەگرێت، بەتایبەت کاتێک سەرکەوتووبێت و بەرەو پێشەوە بچێت، ناودار بێت لەناو کۆمەڵگا هەست دەکات پێگەیەکی دراوەتێ ئەویش خۆشەویستییە ئەوەش زۆر گرنگە و گەورەیە.

نوچەنێت: سەباح عەبدولڕەحمان بەوە جیا دەکرێتەوە لە هونەرمەندانی تر کە هونەری نەکردووە بەسەرچاوەی بژێوی ژیانی خۆی، ئەگەر ئەو بڕیارەت نەدایە و پشتت بە هونەر ببەستیایە، ئایا پێتوایە سەرکەوتوو دەبوویت؟

سەباح عەبدولڕەحمان: من لەبەر ئەوەی لە بژێوی ژیانم پشتم بە فەرمانبەری نەبەستووە، کەوتوومەتە سەر کارکردن بەدەستی خۆم، بەڵام پەیوەندیم لەگەڵ هونەر پێش ئەوە بووە کە من بێمە بواری هونەر ئیشی دەرەوە واتە کاسبی و یاخود ئیشى دیکۆر بکەم، ئەو بڕیارە کەوا بژێوی ژیانم نەکەمە هونەر و بیکەمە سەرچاوەیەکی سەرەکی، دوای خوێندنەوەیەکی زۆر ورد بۆ ڕاستی هونەر لە کوردستان کە هێشتا نە حکومەتەکە نە حزبەکانت نە گەشتوونەتە ئەو ئاستەی پێگەی هونەر بزانن،  کار لەسەر ئەوە بکەن کەوا چەند پێگەی رێزدار بێت یاخود پێداویستییەکانی گرنگ بێت، لەبەر ئەوە گوتم با خەتێک بگرم بۆ خۆم وەکو مرۆڤێکی سەربەخۆ و ئازاد لە بیرکردنەوەم، هەڵبژاردەم دەستنیشانکردنی هەر کارێک و بەرهەمێک لە ستایلی کار کردنم سەربەخۆ بم ئەوەی کە خۆم مەبەستمە عەشقم لەگەڵی هەیە ئەنجامی بدەم جێبەجێی بکەم لەوەش سەرکەوتووبووم، لەگەڵ ئەوەشدا باری سیاسی لە ساڵانی (1980) وایلێکردم کە دەبێت خۆم یەکلا بکەمەوە یا ئەوەتا دەبێت من ملکەچ بم بۆ ئەو راستییە خراپەی کە کاتی خۆی حزبی بەعس لەناو فەرمانبەران جۆرە رەفتارێکی دەکرد دەیبەستیەتەوە بە هەندێک کۆت کە دووربیت لە پەیامی هونەری، خۆم نەخۆشخست و کەتمە نەخۆشخانە بە واستە پلەی (17٪)م وەرگرت بۆ ئەوەی بەس بۆ ئەوەی خانەنشین بکرێم و دەربچم لە فەرمانبەری رزگارم بێت.

کە بڕیاری ئەوەشمدا دەمزانی لە بواری هونەری چەند دەست رەنگین بووم لە کاری دیکۆر و مکیاج، رووناکی هەموو ئەو کارانەی ناو ستۆدیۆ بۆخۆم تێیدا کارم کردووە.

نوچەنێت: بیرت لەوە کردووەتەوە یاداشتەکانی خۆت بنوسیتەوە وەک هونەرمەندێک؟

سەباح عەبدولڕەحمان: بیرم لێکردووەتەوە بێگومان دەستیشم پێکردووە، سێ بەشیشم لە سۆشیال میدیا بڵاو کردەوە، بەڵام دواتر وەستام بۆ ئەوەش بوو بڵام کردەوە، ئەو کەسانەی کە لەگەڵم بوون تێبینی سەرنجێک لە کۆمەڵگایەکەم، خەڵکەکەم، بینەر، یاخود ژیانی فەرمانبەری ئەگەر سەرنج و تێبینی هەبێت هەمووی بێتە ناو بیرەوەرییەکانم نەوەک شتێکم لەبیر چووبێت، چونکە هەندێکجار مرۆڤ فکری خیانەتی لێ دەکات، ئەوانە هەمووی کۆبکەمەوە هەگبەکەم گەورەتر فراوانتر، راستگۆیانەتر بیخەمە بەردەستی خوێنەر، ئێستاش هەر بەردەوامم لەسەر نووسینەوەی.

نوچەنێت: کاری دیکۆر دەکەی، بێجگە لەوە هەوڵتداوە سوود لەوە ببینی لەکاری شانۆ یاخود درامادا؟

سەباح عەبدولڕەحمان: سوود وەرگرتنم زۆرجار لەبەر ئەوە تووشی مەسرووف نەبم، یاخود زۆر جار لەبەر هاوڕێکانم کە ئەوانەی بۆ نموونە ئەو توانایەن نەبووە هاوکاریم کردوون لە کاری دیکۆر، بەڵام کارەکەی خۆمم لە شانۆدا قۆڕخ نەکردووە بۆ ئەوەی دەسکەوتم هەبێت بۆم.

نوچەنێت: زۆرجار هونەرمەندانی ئێمە دەبنە قوربانی سیاسییەکان، تۆ چۆن واتکردووە لەو ململانێیە بەدوور بیت؟

سەباح عەبدولڕەحمان: من سیاسییەکانم وەکو خۆم بەگەورە زانیوە، بەڵام ئەوان ئێمە دروستمان کردوون، میللەت دروستی کردووە هەموو حزبەکان، هەموو ئەو حکومەتەی کە یەک بەدوای یەک هاتووە پۆستەکان کە نازانم چەندە، هەمووی دەستکردی ئەو میللەتەیە لە ئەنجامی قوربانیدانی ئەو خەڵكەیە، لەبەر ئەوە پێم وابووە پێگەی هونەر پەیامی هونەر لەهەموو دروشمەکانی تردا هەیە، هیچی کەمتر نییە لە دروشمەکانی تر کەوا حزبەکان دەیخەنە روو و پەیڕەوی دەکەن، زۆرجار هەبووە کە درۆی پێدەکەن تەنیا بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخڵەتێنن، بەڵام پێم وابووە پەیامە راستگۆییەکە لەناو هونەردایە، شتێک نییە لەدەرەوەی رەوشتی چاکی مرۆڤایەتی بێت، بۆیە زۆرجار پڕوپاگەندەی ئەوان هەبووە، بەڵام من ئەوەم نەکردووەتە قوربانی هونەرەکەم.

نوچەنێت: هۆکاری نەبوونی شانۆ کەمتەرخەمی هونەرمەندان نییە بەبڕوای تۆ؟

سەباح عەبدولڕەحمان: کێشەکە لێرەیە، ئێمە کە دەڵێین هونەرمەندان هەتا ئێستا لە وڵاتی ئێمە بەدرێژای حکومی (32) ساڵەی کورد بیرمان لەوە نەکردووەتەوە کە هونەرمەند دەبێت پۆلین بکرێت، ئاستی هونەرمەندان دیار بێت لە میانەی کارو چالاکییەکان و رێکخراوەکانی کە هەیە لە وەزارەتی رۆشنبیری، هیچ پۆلینێک نەکراوە، ئەو تێکەڵ و پێکەڵەی کە دروست بووە ئەو زۆری و بۆرییەی ئێستا بە هەمووان دەوترێ هونەرمەند، کە ئەو ناونیشانە بووە بە چەتر بۆ هەمووی لە کاتی پێویست کە دەبێت داواکاری بکەن هەمووان دێنە پیشەوە بۆ داواکاریی دەکەن هەر بەو ناونیشانە، لەکاتی بەرهەم هێنان کە خەڵکانێک دێنە ناو بەرهەم بەرهەمەکانیان لەو ئاستە نییە، شێواندنێک دروست دەکەن لە بزاڤی هونەری، ئەوە وایکردووە ئەگەر ئەو ناو نیشانە هەتا ئاستێک پۆلین نەکرێت و رێکنەخرێت، کاری کردووەتە سەر ئاستی زۆر کەس، کە نەیانتوانییوە خۆیان بناسێنن، دەزگای سەرەکی لە کوردستان وەزارەتی رۆشنبیرییە، وەک دەبینن تا ئێستا بە درێژای هەموو تەمەنی نەیتوانیوە خاوەنی پڕۆژەیەک بێت کە هەمووکەس باسی بکات.

هەروەها سەندیکای هونەرمەندان بەهەمان شێوەیە، لەبەر ئەوە هونەرمەند نەیتوانیوە خاوەنی دەزگایەکی تایبەتی سەربەخۆ بێت وەک دەزگای شانۆیی نەتەوەیی کە لە هەموو وڵاتانی دونیا هەیە، ئێمە هاوار دەکەین نەتەوەین کەلتوورمان هەیە، یەک دونیا هەگبەی کەلتوور و کەلەپوورمان هەیە کە هەمووی دەکرێت بە شاکاری جوان، خاوەنی شانۆیەک نین. هەتا ئێستا هونەر هەر لەڕێگای فەرمانگە ئاساییەکان وەک بەڕێوەبەرایەتی شانۆ یاخود رێکخراوی هونەرمەندان، بەشێوازە بەڕێوە چووە لەبەر ئەوە نەیتوانیوە تا ئێستا هێڵێک دروست بکات و دیار بێت سەرەتا و کۆتایی دیار بێت.

نوچەنێت: بەبڕوای تۆ چۆن چارەسەری ئەمە دەکرێت؟

سەباح عەبدولڕەحمان: دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە ئەوەی سیستەمە بۆ هونەر لە هەموو دنیا، ئەوە پەیڕەو بکرێت وەک نموونە ئێرە پایتەختە، بێ شانوۆیە ئەوەی کە باس دەکرێت کە شانۆ هەیە هۆڵی رۆشنبیری، پێشەوا، میدیا) هیچیان ئەوانە شانۆ نین، بەو تایبەتمەندیانەی کە باسمان کرد، یاخود دەبینرێت، دنیا لە پێشکەوتندایە، لەناو ماڵی خۆت تەکنەلۆژیا کارت بۆ دەکات، کە چەندین کارت بۆ دەکات، خێرە ئێمە هەتا ئێستا شانۆیەکمان نییە؟ بڕۆین قوتووی ئاوی تەماتە گڵۆپی تێدا دانێین بۆ ئەوەی فۆکسێک بەوە دروست بکەی؟ یاخود شانۆمان دەنگی تێدا نەبێت بڕۆین لە دوکانێک ستریۆیەک بێنین بۆ دەنگ؟ ناکرێت ئێستا تۆ پڕوپاگەندەی ئەوە بکەی کە لەگەڵ پێشکەوتنی دونیادا دەڕۆی، دەبێت تۆ ئەوە بزانی دووسەد ساڵ دواکەوتی، دەبێت هونەرمەندان بێنەوە هۆش خۆیان لەو ئاستە دەرچن، بەردەوام گلەیی لە حکومەت پارە نادات بودجە نییە، ئەوە نییە ئەوی تر نییە، لەجیاتی گلەیی و گازەندە، با هونەرمەندان یەکگرتووبن تیمێک پێک بهێنن ئەو گرووپە با داواکارییان هەبێت، دواکاریش ناکرێت گەر تۆ پڕۆژەت نەبێت، پڕۆژەیەکی هونەری زۆر سەرکەوتوو کە بتوانێت لەگەڵ بەرپرسان، حکومەت، پەرلەمان قسە بکەی و داواکارییەکەت بڵێى، ئێمە ئەوەمان نییە بەداخەوە.

هەتا ئێمە بیر لەوە نەکەینەوە ئەنجومەنێکی باڵای هونەری لە کوردستان دروست بکرێت، ئەو ئەنجومەنەش بە دەستنیشانکردنی خەڵکانی خاوەن ئەزموون، ئەکادیمی، رابردوو، بکرێنە ئەنجومەنێک دواتر دابنیشێت و خوێندنەوە بۆ ئەو کارانە بکات، دەزگایەکیش دروست بکرێت بۆ هەموو بوارەکانی هونەری وەکە لەوەی  لەبەغدا هەیە، بەغدا لەگەڵ هەموو خراپیەکەی و کەموو کوڕییەکەی دەزگای سینەماو شانۆی هەیە ئیش و کاری سینەماو شانۆ لەوێ بەڕێوە دەچێت.

نوچەنێت: گرنگیت بۆ هونەر ئایا چێژ بینینە یاخود وەک ئەکتەرێکە؟

سەباح عەبدولڕەحمان: من بۆ خۆم چێژی لێدەبینم، پەیام بەخشینیش لای من شتێکی زۆر پیرۆز و گەورەیە، چونکە هیچ کارێکی هونەری نییە پەیامێکی لە پشت نەبێت، لە هەمانکاتدا وەکو خۆم چێژ لەوەش دەبینم کە وەکو ئەکتەر نواندن دەکەم لەسەر شانۆ، هەتا لە ماڵەوەش هەندێکجار نواندنێک دەکەم هاوینەکەم دەڵێت کە دەتبینین وا دەزانین هەموو دونیا لەبەر چاوماندایە، ئەوە بۆ من زۆرە بینەری ناو ماڵە ئەی ئەگەر بینەری دەرەوە بێت؟ خۆشیت پێ دەبەخشێت کە دەڵێت فڵانە بەرهەم زۆر جوان بوو، ئەوەیە چێژ بەژیانی هونەرمەند دەدات.

نوچەنێت: سەیری فیلم دەکەی یاخود دەخوێنیتەوە؟

سەباح عەبدولڕەحمان: سەیری فیلم دەکەم، ریازە دەکەم، دەخوێنمەوە دەڕۆمە سەفەر، مەلەوانی دەکەم،تێکەڵ بەخەڵکی دەبم هاوڕێم هەیە، هیچ سوچێک لە سووچەکانی ژیان بەجێم نەهێشتووە و بەردەوامم لەگەڵی.

نوچەنێت: هەندێکجار کەمتەرخەمی دەبینرێت وەکو سەباح عەبدولڕەحمان هەست بەچی دەکەی؟ نموونەش عومەر چاوشین.

سەباح عەبدولڕەحمان: رۆحیان شاد بێت، ئەوان بۆ ژیانی خۆیان کەمتەرخەمبوون نەیانتوانیوە پێگەو پیرۆزی کارەکەیان بپارێزن کە خەڵکەکە بۆخۆی لەسەر دەستیان دابنێن، عومەر چاوشین خوالێخۆش بوو، رەنگە بەدەیان جارئامۆژگاریم کردووە لە وەزارەتی رۆشنبیری بە شێوەیەک لە شێوەکان هەوڵمداوە بۆی، بەڵام بەهیچ شێوەیەک نابێت هونەرمەند ببێتە جێگەی بەزەیی، مرۆڤ ئەوەندە گەورەیە هی ئەوە نییە تۆ بەزەییت پێیدا بێتەوە، بەزەیی بۆ گیاندارێکە کە دەستی یاخود قاچی یاخود نەخۆش بێت، بەڵام چۆن دەبێت مرۆڤ بەو چاوە سەیر بکرێت؟ ئێمە کێشەمان لەوەدایە هەتا نەمرن نابنە ئەو هەموو ناونیشانە ریکلامە ئەو هەموو کۆبوونەوە و بەرپسان کەدێنە پرسە، لە ئەساسادا درۆکان لێرەدا دەردەکەوێت، کەواتە هونەرمەند پێویستی بەوەیە کەوا کار لەسەر پێگەی خۆی بکات.

ئەو نووزانەوەو پاڕانەوەی هونەرمەندان، کە رەنگە بڵێن تۆ باری ئابووریت باشە، من کارم کردووە، شاگردیم کردووە لای خەڵک بۆ ئەوەی چاوم لەدەستی کار بەدەستێک نەبێت بچمە لای،  لێرەوە دەڵێم بە هەموو بەرپرسان بەهەموو حزبەکان، بەدرێژای (62) ساڵ کە لەناو ئەو بوارە ئیشم کردووە، بە من بڵێت رۆژێک لەرۆژان لەبەر دەرگای من بوویت من هاوکاریم کردووی، نەمکردووە، چاوم لێیان نەبووە هەوڵمداوە ماندووبووم هەتا بتوانم پێگەی خۆم بپارێزم.

نوچەنێت: چیت هەیە بۆ ئەو گەنجانەی کە تازە دەرچوون لەبواری هونەردا؟

سەباح عەبدولڕەحمان: ئەوانە قوربانین، ئەوانە بەحەزەوە حەزی بەهرە، دەچێتە پەیمانگا و زانکۆ، دوای ئەو هەموو ساڵەی تەواوی دەکات، کە رەنگە یەک دونیا خەنی هەیە پڕۆژەی هەیە کە بیکات، بەڵام کە دبینێت زەمینەیەکی زۆر خراپ ژینگەیەکی زۆر خراپ هەیە، ناتوانێت لە هیچ  سووچێک و دەروازەیەک جێگە بۆخۆی بکاتەوە، سەرباری ئەوەش لەپەیمانگا و زانکۆکان کە من سەردانیان دەکەم دەزانم و دەبینم نە کۆلیژی هونەرەجوانەکان، نە پەیمانگای هونەرەجوانەکان مەنهەجیان نییە، ئەوەی کە پێی دەوترێ میتۆد دەدرێتە قوتابی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندنیدا دەیبەستێتەوە، دەبوو شانۆی راگوزەر  بکرێتە وانە بیرۆکەی دەدەیتێ خۆی دەبینێتەوە خەیاڵی فراوان دەکەی، هەوڵدەدا ئاستی رۆشنبیری فراوان بکات، بەڵام تا ئێستا نەکراوە، دەبێت وەکو چەمک سەیر بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کە چەند گەورەیە، دەرچوانی پەیمانگا و زانکۆ کارێکی وایان نییە بۆ یەک مانگ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین