ماکرۆن: بۆ ئێمە ژینا ئەمینی زۆر زیاترە لە هێمایەک ئێران

نوچەنێت

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی بە بۆنەی راگەیاندنی خەڵاتی "ماریان" کە بەخشرایە چواردە خەباتکار و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە جیهاندا، ئاماژەی بە ژینا ئەمینی کرد، وەک "شەهید"ی رێگای ئازادی و زیادی کرد کە "بۆ ئێمە، ژینا ئەمینی زۆر زیاترە لە هێمایەک."

ئیمانوێل ماکرۆن، جارێکی دیکە بەرگری لە خەباتی ژن و پیاوی ئێرانی بۆ ئازادی کرد و گوتی: سەرکوتکردن لە چوار گۆشەی جیهاندا بڵاودەبێتەوە و یەکەمین قوربانی سەرکوتکردن زۆرجار ژن و کچانی گەنجن. پاشان سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ئەمڕۆ ژینا ئەمینی بووەتە رەمز بۆ هەموومان، پێویستە ئەو کەسەی کە لە بەرگریکردن لە ئازادی شەهید بوو، بە شتێکی زیاتر لە رەمزێک لە قەڵەم بدەین. بە گوتەی ماکرۆن، "شەڕی ژینا ئەمینی بانگەوازمان دەکات بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی و کردەوە".

ماکرۆن لە پەیامەکەیدا جارێکی دیکە "لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ"ی لە ئێران شەرمەزار کرد و گوتی، کە بە پاڵپشتی فەرەنسا، یەکیەتی ئەوروپا لە کاردانەوە بە سەرکوت و لەسێدارەدانی ناڕازییان لە ئێران، زنجیرەیەک گەمارۆ نوێیەکانی دژی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد و جێبەجێی کرد. نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو لە کۆشکی ئەلیزە لەگەڵ نوێنەرانی ژنانی خەباتکاری ئێران کۆبووەوە.

ئەمساڵ فەرەنسا ناوی چواردە براوەی خەڵاتی ماریانی راگەیاند کە خەڵاتی ئازادیخوازانی چوار گۆشەی جیهان دەبەخشرێت.
لە براوەکانی خەڵاتی ئەمساڵدا، عەسەل عەباسیان، داکۆکیکاری مافی ژنان و کەسانی هاوڕەگەزخواز هەیە، کە لە ساڵی ٢٠٢١ بە هۆی گوشار و هەراسانکردنی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە بەرەو تورکیا هەڵاتووە.

براوەکانی تری خەڵاتی ماریان ئەمساڵ لە وڵاتانی بەحرەین، سوریا، مالی، ئۆگاندا، رووسیا، کۆڵۆمبیا، بەنگلادیش و...هتد.
 براوەکانی ئەم خەڵاتە بە خوێندن لە زانکۆ، دەتوانن خەباتی خۆیان لە فەرەنسا یان لە وڵاتی خۆیان بۆ پشتیوانی لە ئازادیخوازان یان ئەگەری پەنابەرییان لە فەرەنسا درێژە پێبدەن.

لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئەلیزە لەگەڵ چوار ژنە چالاکوانی مافی مرۆڤ لە نێویاندا مەسیح عەلینەژاد کۆبووەوە و بۆ یەکەمجار باسی لە خەباتی بەردەوامی ژنانی ئێران بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی و دژی حیجابی زۆرەملێ وەک "شۆڕش" کرد".

سەرچاوە: رادیۆ فەرەنسا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین