داهاتی نەوتی ئێران لە چنگی دەڵاڵەکاندایە شیکاری ئابوری

نوچەنێت

لە کاتێکدا راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لە کێبڕکێی نێوان ئێران و رووسیا دەکەن بۆ دابینکردنی داشکاندنی زیاتر بۆ چین بە مەبەستی پاراستنی بازاڕە نەوتییەکانی لەم وڵاتەدا، ئامارەکانی کۆمپانیاکانی بەدواداچوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە زۆربەی نەوتی ئێران لە رێگەی دەڵاڵەکانەوە دەگاتە کڕیارە چینییەکان.

زانیارییەکانی کۆمپانیاکانی بەدواداچوونی تانکەر و راوێژکاری وزەی وەک ریفینیتۆ و ڤۆرتێکسە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین، لە دوو مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بۆ ١.٤ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

ئاماری کۆمپانیای زانیاری کاڵای کەپلەر، لە وردەکارییەکانی ئەم هەناردەکردنە، نیشان دەدات کە سێ لەسەر چواری باری نەوتی ئێران، لە رێگەی دەڵاڵەکانەوە چووەتە چین.

بەگوێرەی ئاماری کەپلەر، لە مانگەکانی نۆڤەمبەر و دیسەمبەری ساڵی رابردوودا، ئێران بە تێکڕا رۆژانە یەک ملیۆن و ٢٢٥ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، لەو رێژەیەش ٣٥ هەزار بەرمیل بۆ سوریا و ٣١٩ هەزار بەرمیل راستەوخۆ چووەتە چین. لە کۆی گشتی بارەکان ٣٨١ هەزار بەرمیل بۆ مالیزیا و ٤٩٠ هەزار بەرمیلی بۆ بازاڕە نادیارەکان چووە.

لە راستیدا بەدەر لەو نەوتەی کە ئێران رەوانەی سوریای کردووە، باقی بارەکان چووەتە چین؛ بەڵام زۆربەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە رێگەی دەڵاڵەکانەوە بە کڕیارە چینییەکان گەیشتووە، بە تایبەت لە بازاڕی مالیزیا.

پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز و بلومبێرگ رایانگەیاندبوو، سێ لەسەر چواری نەوتی ئێران لە رێگەی دەڵاڵەکانی عێراق، عەممان، ئیمارات، مالیزیا و ئەندەنوسیا هەناردەی چین کراوە.

بوونی ئەم دەڵاڵانە، لەگەڵ ئەو داشکاندنانەی کە ئێران بۆ کێبڕکێ لەگەڵ نەوتی رووسیا لە بازاڕەکانی چیندا دەیکات، داهاتی نەوتی کۆماری ئیسلامی زۆر کەمدەکاتەوە.

لەم دواییانەدا ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، نەوتی ئۆرالی رووسیا، بە نرخێکی کەمتر لە نیوەی نرخی نەوتی جیهان مامەڵەی پێوەدەکرێت. بەڵام هێشتا نازانرێت نەوتی ئێران بە چ نرخێک دەگەیەنرێتە پاڵاوگەکانی چین.

ئاماری گومرگی چین

هەرچەندە رەوایی ئاماری گومرگی چین لەسەر بڕی کاڵا و هاوردەکردنی نەوت لە ئێرانەوە هەمیشە گوماناوییە، بەڵام ئاماری هاوردەکردنی نەوت، لە سەرچاوەکانی وەک مالیزیا، بازدانێکی نائاسایی و بەرچاو لە کڕینی نەوت لەو وڵاتانە نیشان دەدات.

بۆ نموونە لە کاتێکدا مالیزیا لە ساڵانی پێش گەمارۆدانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کەمتر لە ٩ ملیۆن تەن نەوتی هەناردەی چین دەکرد، لە ساڵانی رابردوودا ئەم رێژەیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتووەتە نزیکەی ٣٦ ملیۆن تەن.

ئامارە گومرگییەکانی چین باس لەوە دەکەن، کە هاوردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەش لە ئێرانەوە لە ساڵی ٢٠١٨ نزیک بە ٣٠ ملیۆن تەن دابەزیوە بۆ کەمتر لە ٨٠٠ هەزار تەن لە ساڵی رابردوودا، کە هاوتایە لەگەڵ هاوردەکردنی تەنها ١٦ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

هاوکات ئامارەکانی کۆمپانیاکانی بەدواداچوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەریدەخەن، کە ساڵی رابردوو بە تێکڕا لانیکەم ٨٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ئێران یان راستەوخۆ یان لە رێگەی دەڵاڵەکانەوە چووەتە چین.

هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان

ئامارەکانی کەپلەر هەروەها نیشان دەدەن، کە هەناردەی دەریایی ئێران بۆ بەرهەمە نەوتییەکان لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

جگە لە بەنزین، هەناردەی گازۆیلی وڵات نزیکەی سفرە و هەناردەی مازۆتیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران روونکردنەوەیەکیان لەبارەی دابەزینی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان نەداوە. بەڵام گەشەنەکردنی پاڵاوگەی نوێ و لابردنی سنووردارکردنەکانی کۆرۆنا، بووەتە هۆی کورتهێنانی بەکارهێنانی بەنزین لە ناوخۆدا و بەشێک لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە، ئەگەری دەستپێکردنەوەی هاوردەکردنی بەنزینیان لە چەند هەفتەی رابردوودا راگەیاندووە.

بەڵام پێدەچێت دابەزینی هەناردەکردنی گازۆیل و مازۆت بۆ لوتکەی بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانە لە پیشەسازییەکان و وێستگەکانی کارەبادا بێت کە هاوکات دەرئەنجامی کورتهێنانی گەورەی غازی وڵاتەکەیە.

لە ساڵانی رابردوودا ئێران بە تێکڕا رۆژانە ٤٥٠ هەزار بەرمیل بەرهەمی نەوتی هەناردە کردووە، بەڵام ئەم رێژەیە لە چەند مانگی رابردوودا بۆ کەمتر لە ٢٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین