ئەمریکاو ئیسرائیل: بە هەموو هێزمانەوە دژی کردەوەکانی ئێران وەستاوین ئێران

نوچەنێت

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ کاربەدەستانی ئیسرائیلی سەبارەت بە "مەترسی ناسەقامگیری چالاکییەکان"ی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا لەسەر پابەندبوونی خۆی بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی ئیسرائیل وەستاوە.

حکومەتی ئێران بەردەوامە لە سەرکوتکردنی نەیارەکانی بە توندترین شێواز لە ناوخۆی سنوورەکانیدا و بە گوتەی رۆژئاوا، بە هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ رووسیا، رۆڵی هەیە لە دەستدرێژی مۆسکۆ بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا.

بنیامین ناتانیاهۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە، کە هەموو هەوڵێکیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چالاکییە "ناسەقامگیرکردنەکانی" ئێران، لەوانەش بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی و هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ رووسیا، دەخەنەگەڕ.

لەم دیدارەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سەردانەکەی بلینکن لە کاتێکدا بووە کە "هەموو کەس لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووی راستەقینەی حکومەتی ئێرانیان بینیوە". گوتیشی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دڕندەیی ئەم حکومەتەی بەرامبەر گەلەکەی خۆی بینیوە. بینیویەتی ئەم دەسەڵاتە چۆن توندوتیژی لە سنوورەکانی خۆیەوە هەناردە دەکات بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانیتریش. پێموایە کۆدەنگییەک هەیە کە ئەم حکومەتە نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.

لەم دیدارەدا ئەنتۆنی بلینکن، هەروەها پابەندبوونی واشنتۆنی بە ئاسایشی ئیسرائیل بە "ئاسنین" ناوبرد و گوتی، ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ "بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران لە ناوچەکە و دەرەوەی وڵاتدا چڕتر دەکاتەوە".

دوو رۆژ پێش ئەم کۆبوونەوەیە، تەقینەوەیەکی گەورە لە کارگەیەکی تەقەمەنی لە ئیسفەهان بڵاوکرایەوە، کە میدیاکانی ئەمریکا - لە زمانی بەرپرسانی ئەم وڵاتە - ئیسرائیلیان بە بەرپرسیار زانی.

بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئیسرائیل هەفتەی رابردوو بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگەیاندبوو، ئیسرائیل و ئەمریکا "خۆیان بۆ خراپترین حاڵەت ئامادە دەکەن".

سەرچاوە: بی.بی.سی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین