هۆشداریى به‌ حكومەتى سوودانى ده‌درێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

شاره‌زایانى سه‌ربازى هۆشدارى به‌ حكومه‌تى عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌د شیاع سوودانى ده‌ده‌ن، كه‌ ده‌ستبه‌ردارى هاوكارییه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى نه‌بێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 31/كانوونى دووه‌م/2023 رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا شاره‌زایانى سه‌ربازى دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ نابێت حكومه‌تى عێراق ده‌ستبه‌ردارى هاوكارییه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى بێت، چونكه‌ ئه‌م كاره‌ لێكه‌وته‌ى خراپى ئه‌منى و سیاسى بۆ عێراق ده‌بێت.

ئه‌حمه‌د شه‌ریفى كه‌ ئه‌فسه‌رێكى خانه‌نشینى عێراقییه‌ و وه‌ك شاره‌زاییه‌ك له‌ كاروبارى سه‌ربازى بۆ مه‌دا باسى له‌وه‌ كردووه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كه‌ هاوكات فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراقه‌، ده‌بێت له‌ بڕیاره‌كانى سه‌ربه‌خۆ بێت و وابه‌سته‌ى ئایدیۆلۆژیاى حزبى نه‌بێت.

بۆیه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نابێت له‌ بوونى هێزه‌كانى ئه‌مریكا ته‌نیا ره‌هه‌ندى سه‌ربازى بكرێته‌ پێوه‌ر، به‌ڵكو ده‌بێت ره‌هه‌ندى سیاسیش له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ له‌ به‌رچاو بگیرێت. شاره‌زیان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ داعش خۆى رێكده‌خاته‌وه‌ و ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر عێراق مه‌ترسییه‌، بۆیه‌ ده‌بێت عێراق له‌ هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى به‌رده‌وام بێت.

له‌ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى وۆڵ ستریت جوڕناڵ باسى له‌وه‌ كرد، وڵاته‌كه‌ى هێشتا پێویستى به‌ هاوكارییه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تییه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین