ئازەربایجان بۆ هاوڵاتیانی: خۆتان لە گەشتکردن بۆ ئێران بەدوور بگرن ئێران

نوچەنێت

لە درێژەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و کۆماری ئازەربایجان لە چوارچێوەی هێرشی چەکدارێکی ئێرانی بۆ سەر باڵوێزخانەی وڵات لە تاران، حکومەتی باکۆ رۆژی سێشەممە ٣١ی جانیوەری داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد، کە خۆیان لە گەشتکردن بۆ ئێران بەدوور بگرن.

لەم نێوەندەدا، لەگەڵ پەرەسەندنی ئەو لێدوانانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئازەربایجان دژی حکومەتی ئێران، میدیاکانی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن تاران وەک "قوربانی"ی پیلانگێڕییەک دەربکەوێت.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان لە بەیاننامەکەی رۆژی سێشەممەدا ئامۆژگاری هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد، کە خۆیان لە گەشتکردن بۆ ئێران بەدوور بگرن و دوو هۆکاری هێنایەوە: "دۆخی ناسەقامگیری ئێران" و "هێرشی تیرۆریستی" بۆ سەر نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئازەربایجان لە ئێران.

ئەم بەیاننامەیە وێڕای هۆشداریدان بەوەی کە باشترە لەم جۆرە هەلومەرجەدا سەفەری ناپێویست ئەنجام نەدرێت، داوای لەو هاوڵاتیانی وڵاتەکەی، کە ئێستا لە ئێرانن کرد، وریا بن و رەچاوی رێوشوێنە ئەمنییەکان و خۆپاراستن بکەن.

داواکاریی حکومەتی کۆماری ئازەربایجان دوو رۆژ دوای راگرتنی باڵوێزخانەی ئەم وڵاتە لە تاران و گەڕاندنەوەی دیپلۆماتکاران و بنەماڵەکانیان لە ئێرانەوە بۆ باکۆ بڵاوکرایەوە.

رۆژی دووشەممە ٣٠ی مانگ، تەرمی ئەو ئەفسەرە ئەمنییە تەمەن ٤٣ ساڵەی باڵیۆزخانەی کۆماری ئازەربایجان، کە هەینی رابردوو لە هێرشی سەر باڵیۆزخانەکە لە تاران کوژرا، بە ئامادەبوونی بەرپرسان و بنەماڵەکەی لە باکۆ بە خاک سپێردرا.

دەزگای ئاسایشی کۆماری ئازەربایجان هۆشداری دایە میدیاکان کە خۆیان لە بڵاوکردنەوەی "هەواڵی چەواشەکارانە" و دەنگۆی لەو بارەوە بەدوور بگرن بۆ ئەوەی کێشە لە لێکۆڵینەوەکان دروست نەبێت.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین