ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: ئێران پێچەوانەی رێککەوتنەکان دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات ئێران

نوچەنێت

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە راپۆرتێکی نهێنیدا بۆ ئەندامانی خۆی، رەخنەی لەو راستییە گرت کە کۆماری ئیسلامی ئێران گۆڕانکارییەکانی خۆی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆدا بۆ ئەم رێکخراوە رانەگەیاندووە و بە پێچەوانەی پابەندبوونەکانی ئێران بە پێی ماددەی 45، بە چاودێریەکانی رێککەتن زانی.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رۆژی چوارشەممە ١ی فێبریوەری، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاندووە، لەم دامەزراوەیەدا، دوو سانتریفیوژی IR-6، کە یۆرانیۆم تا ئاستی 60% دەوڵەمەند دەکەن، بە شێوەیەک بەستراوەتەوە بە یەکەوە کە زۆر جیاواز لەوەی ئێران بە ئاژانسی راگەیاندووە بەکاری دەهێنێت.

بەپێی راپۆرتەکە، ئاژانسەکە لەکاتی پشکنینێکی رانەگەیەندراودا، لە رۆژی 21 جانیوەری، دامەزراوە ئەتۆمییە ژێرزەمینەکەی فردۆ، گۆڕانکارییەکەی دۆزیوەتەوە.

بەڵام گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، لە وەڵامی راپۆرتی نوێی ئاژانسەکەدا گوتی: یەکێک لە پشکنەرانی ئەو دەزگایە بەبێ ئاگاداری راپۆرتی ئەوەی دابوو، کە ئێران گۆڕانکاری لە رێکاری پیتاندندا لە شوێنی پیتاندنی فردۆ کردووە، بەڵام دوای ئەو روونکردنەوانە کە بە پشکنەرەکان درا، ئەوان بە هەڵە تێگەیشتنی خۆیان زانی و پرسەکە بە شێوەیەکی کرداریی چارەسەر کرا.

ڕۆیتەرز نووسیویەتی، دامەزراوەی فردۆ ئەوەندە هەستیارە کە بەرجام (رێککەوتنی ئەتۆمی) پیتاندنی یۆرانیۆمی لەم دامەزراوەیەدا قەدەغە کردووە.

لە راپۆرتی ئاژانسەکەدا هاتووە، کە رێگەی گۆڕینی پەیوەندی ئەم دوو سانتریفیوژانە بە جۆرێکە کە لە بنەڕەتدا جیاوازە لەو شێوازەی کە ئێران بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە بەیاننامەیەکی گشتیدا کە کورتەیەک لە راپۆرتە نهێنییەکە دەخاتەڕوو، رایگەیاندووە، رافایل گەڕوسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە، "نیگەرانە لەوەی کە ئێران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بە ئاژانسەکە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە زانیارییەکانی دیزاینی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییەی فردۆ کردووە"، دامەزراوە ئەتۆمییەکەی فردۆ کە پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم بە ئاستی بەرزی پیتێنراوە جێبەجێ کردبێت.

ئەم راپۆرتە نهێنیەی ئاژانس لە کاتێکدایە، کە پەیوەندییەکانی تاران و ئاژانس بە هۆی هاوکاری نەکردنی کۆماری ئیسلامی لە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانس، سەبارەت بە ماددە ئەتۆمییەکان کە لە شوێنە رانەگەیەندراوەکاندا دۆزراونەتەوە، گرژ بووە.

بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسەکە لەم دواییانەدا رایگەیاندووە، کە دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام رووبەڕووی "بنبەست" بووەتەوە و "شکستی هێناوە"، بەڵام ئاژانسەکە نایەوێت بۆشایی سیاسی لەسەر پرسێکی وەها مەترسیدار بەجێبهێڵێت.

ناوبراو بە دەربڕینی نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران گوتوویەتی: هیوادارم بتوانم لە زووترین کاتدا بۆ دانوستان سەفەر بۆ تاران بکەم.

ناوبراو بە ئاماژە بە سەفەرەکەی بۆ ئێران لە مانگی فێبریوەری دەڵێت: هیچ کەسێک بەرجامی بە مردوو رانەگەیاندووە، بەڵام هیچ پابەندبوونێک لەو بارەیەوە بەدواداچوونی بۆ ناکرێت.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین