هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دژی ئێران پێکدەهێنرێت وەرگێڕان

نوچەنێت

ئیسرائیل پلانێکی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بە وردی ئامادە کردووە. لەم پلانەدا نزیکەی سێ هەزار ئامانج دەستنیشان کراون و حکومەتی ئیسرائیل دەیەوێت لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەک لەگەڵ زلهێزەکانی رۆژئاوا، لەوانە فەرەنسا و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی عەرەبی ناوچەکە، بە زووترین کات رێوشوێنی سەربازی لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران بگرێتەبەر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ی فێبریوەری، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، گەشتێکی سێ رۆژەی بۆ پاریس دەستپێکرد و لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەوە. حکومەتی ئیسرائیل ئامانجی ئەم دیدارەی راگەیاندووە، کە هاوپەیمانییەکی سەربازی بەتایبەت لەگەڵ زلهێزەکانی رۆژئاوا بۆ هێرشکردنە سەر رژێمی مەلا لە ئێران. رۆژنامەی لیبراسیۆنی بەرەبەیانی پاریس نووسیویەتی، ناتانیاهۆ و ماکرۆن باس لە "ئێران و ئێران و ئێران دیسان دەکەنەوە".

لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی پاریس، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیکردەوە کە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، ئێران و رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە دوژمنکارانەی ئەو وڵاتە و هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەبێت. ناتانیاهۆ بە ئاماژەدان بە پشتیوانی سەربازی حکومەتی ئێران بۆ رووسیا لە دژی ئۆکرانیا و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ئێران، داوای لە وڵاتانی رۆژئاوایی کرد، کۆتایی بە دانوستان و هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران بهێنن. بڕیارە ناتانیاهۆ لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگەی جولەکەکانی فەرەنسی و وەبەرهێنەرانی فەرەنسی کۆببێتەوە کە ئارەزووی وەبەرهێنانیان لە ئیسرائیل هەیە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی، ئیسرائیل پلانێکی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بە وردی ئامادە کردووە. به پێی ئەم پلانه نزیکەی سێ هەزار ئامانج دەستنیشان کراون و حکومەتی ئیسرائیل دەیەوێت هەرچەند نایەوێت به تەنیا ئەم هێرشه ئەنجام بدات.

هەمان سەرچاوهی دیپلۆماسی زیادی کرد: ئامانجی ئیسرائیل دروستکردنی هاوپەیمانییەکی سەربازییه، به بوونی فەرەنسا و ئەمریکا و ئەگەر بتوانرێت چەند وڵاتێکی عەرەبی له ناوچەکەدا. هاوکات لەگەڵ گەیشتنی نەتانیاهۆ بۆ پاریس، کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بەرەو سعودیە بەڕێکەوت بۆ ئەوەی لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە، محەمەد بن سەلمان، کۆببێتەوە. مەبەست لەم دیدارە راگەیاندنی ئامادەیی فەرەنسایە بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ناوچەکەدا.

تا ئێستا حکومەتی فەرەنسا و ئەمریکا دژی هێرشێکی لەو شێوەیە بوون. بەڵام، شتەکان بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. چانسی گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بە کردەوە شکستی هێناوە و کۆماری ئیسلامی بۆ پشتیوانی لە پوتین، لە خاکی ئەوروپادا چووەتە نێو شەڕی ئۆکرانیا. جگە لەوەش، ئیسرائیل بڕیاری داوە هەڵوێستی خۆی لە پاڵپشتیکردنی وڵاتانی رۆژئاوایی لە شەڕی ئۆکرانیا بگۆڕێت، لە بەرامبەر پاڵپشتی رۆژئاواییەکان بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران.
نەتانیاهۆ بە راشکاوی رایگەیاندووە، کە بەنیازە بیر لە یارمەتییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا بکاتەوە لە دژی رووسیا، بەڵام بە ئاشکرا وردەکارییەکانی هاوکارییەکان راناگەیەنێت.

لە راستیدا پەیامی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ وڵاتانی رۆژئاوایی لە سەفەرەکەیدا بۆ پاریس بریتییە لە: من پشتگیری لە شەڕی ئێوە لە دژی رووسیا دەکەم، ئێوەش پاڵپشتی شەڕی من لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن.

رۆژنامەی "لۆمۆند"ی فەرەنسی لە راپۆرتەکەیدا سەبارەت بە سەردانەکەی نەتانیاهۆ بۆ فەرەنسا نووسیویەتی، حکومەتی ئیسرائیل بە نیازە پرسی ئێران بکاتە پرسی ناوەندی کۆبوونەوەی نێوان سەرکردەکانی ئیسرائیل و فەرەنسا لە کۆشکی ئەلیزە. هەروەها لیبراسیۆن رایگەیاندووە، کە ئیسرائیل دەزانێت کە ئەمڕۆ فەرەنسا بزوێنەری سەرەکی بڕیارەکانە لە یەکێتی ئەوروپا.

به پێی سەرچاوه هەواڵییەکان له فەرەنسا، تەوەری سەرەکی دیداری سەرکردەکانی دوو وڵات، پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەبێت. باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە پاریس رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و بەهێزکردن و فراوانکردنی رێککەوتننامەکانی ئیبراهیم وتووێژ دەکات.

کۆشکی ئەلیزە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی هەردوو وڵاتدا، ئیمانوێل ماکرۆن جارێکی دیکە جەختی لەسەر هاودەنگی فەرەنسا لەگەڵ ئیسرائیل لە بەرامبەر تیرۆریزمدا کردەوە، هەروەها لەسەر پێویستی رێگریکردن لە پەرەسەندنی توندوتیژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان و ئامادەیی بۆ یارمەتیدانی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین رایدەگەیەنێت.

بنیامین ناتانیاهۆ هیوادارە هاتنە ناوەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ ناو شەڕی ئۆکرانیا گوشاری وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر بکات.

پێش سەفەرەکەی بۆ پاریس، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی رایگەیاند، جیهان درکی بەوە کردووە، کە رێژیمی ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی دڕندانە مامەڵە لەگەڵ گەلەکەی دەکات و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژەکانی بۆ کوشتنی خەڵکی بێتاوان لە ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێت.

لۆمۆند بە گێڕانەوەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی زیادی کرد: فەرەنسا بانگەشە بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی زۆر توند بەرامبەر بە حکومەتی تاران دەکات، چونکە نەک تەنیا بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو تێوەگلانی لە شەڕی ئۆکرانیا بە زۆر مەترسیدار دەزانێت.

رۆژنامەی لیبراسیۆن کە ڕۆژنامەیەکی دیکەی فەرەنسییە رایگەیاندووە، کە لەگەڵ پەرەسەندنی نزیکی تاران لە مۆسکۆ، ماوەی گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کۆتایی هاتووە. پاشان لیبراسیۆن زیادی کرد: ناتانیاهۆ کە هەمیشە دژی رێککەوتنێکی لەو شێوەیە بووە، ئێستا بەنیازە بە زلهێزەکانی رۆژئاوا بڵێت، کە ئەوان و ئیسرائیل بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە. چونکە جگە لە هەڕەشە ئەتۆمییەکەی ئێران، کۆماری ئیسلامی تاکە وڵاتێکە، کە بۆ پشتیوانی لە پوتین، چووەتە ناو شەڕی دژی ئۆکرانیا و ئەمەش بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر یەکێتی ئەوروپا دادەنرێت.

سەرچاوە: رادیۆ فەرەنسا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین