دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی: سوپای پاسداران لەگەڵ زیندووکردنەوەی بەرجام نییە ئێران

نوچەنێت

مارک فیتزپاتریک، دیپلۆماتکار و توێژەری پێشووی ئەمریکی لە "پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ستراتیژی" دەڵێت، هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی دانوستانەکانی رۆژئاوا لەگەڵ ئێران بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ گەیشتە بنبەست، ئەوە بوو کە سوپای پاسداران نەیویستووە رێککەوتننامەی بەرجام زیندوو بکاتەوە.

فیتزپاتریک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" رۆژی یەکشەممە ٥ی فێبریوەری رایگەیاند: پێموایە دواجار دەسەڵاتدارانی ئێران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ناتوانن کە لە بەرجام ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی بهێنن. لە کاتی دانوستانەکاندا سازش لەلایەن رۆژئاواوە کرا بۆ ئەوەی سەقفی دڵخوازی خۆیان جێبەجێ بکەن، بەڵام بە داواکاری نوێتر سەقفەکەیان بەرزتر کردەوە."

بە گوتەی فیتزپاتریک، ئەمریکا "بە دوودڵی" رەشنووسی کۆتایی رێککەوتنە ئەتۆمییە نوێیەکەی قبوڵکرد، بەڵام دواتر بەرپرسانی ئێران داوای گەرەنتییان کرد، کە هیچ سەرۆکێکی داهاتووی ئەمریکا ناتوانێت رێککەوتنەکە پێشێل بکات بەو شێوەیەی، کە ترەمپ کردوویەتی، ئەمەش شتێکە کە بایدن دەسەڵاتی ئەوەی نییە.

تاران هەروەها دەیەوێت ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکانی خۆی لە چالاکییەکانی رابردووی تاران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوە نهێنییەکانی ئێران بهێنێت و رازی بێت، کە لێکۆڵینەوەی نوێ نەکاتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا رازی نەبووە و هەرگیز رازی نابێت بە سنووردارکردنی ئاژانسەکە.

فیتزپاتریک گوتی "پێموانییە سەرۆک بایدن بتوانێت مامەڵە لەگەڵ رژێمێک بکات، کە خەڵکی خۆی بکوژێت، هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رەوانەی رووسیا بکات بۆ کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا".

بە گوتەی ئەم دیپلۆماتکارە پێشووەی ئەمریکا، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی، کە رێژیمی ئێران حەزی لە بوژاندنەوەی بەرجام نییە، ئەوەیە کە سوپای پاسداران سوود لە سزا نێودەوڵەتییەکان وەردەگرێت کە بازرگانی کەرتی تایبەتیان پەکخستووە.

بە گوتەی ناوبراو "سوپای باسداران، وەک رێکخراوێکی حکومی، دەتوانێت دەست بەسەر کاروبارەکاندا بگرێت و باج دابنێت تا ئەو رادەیەی بیەوێت". کەواتە چی تێدایە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنێک، کە دەست و باڵیان بەستبێتەوە بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بەدەستبهێنن؟"

سەرچاوە: ئەلعەرەبییە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین