فەرماندەیەکی سوپای پاسداران: تەنیا چارەسەر دانوستانی راستەوخۆیە لەگەڵ ئەمریکا ئێران

نوچەنێت

فەرماندەی یەکەمی هێزی دەریایی و بەرپرسی پێشووی ئەرکانی هاوبەشی سوپای پاسداران، دانوستانی راستەوخۆی ئێران و ئەمریکای بە چارەسەرێک بۆ کردنەوەی گرێ گەورەکانی نێوان دوو وڵات زانی. پێدەچێت زیانە ئابورییەکانی رۆژانە و هەڵاتنی سەرمایە لە ئێران و هەروەها پەکخستنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی وەک چین، عێراق، ژاپۆن، هیندستان و کۆریای باشوور، گۆڕانکاری لە بۆچوونی ئەم بەرپرسەی ئێران بۆ دانوستانی راستەوخۆی نێوان تاران و واشنتۆن کردبێت.

حسێن عەلایی، فەرماندەی پێشووی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ رۆژنامەی اعتماد، کە رۆژی دووشەممە ٦ی مانگ بڵاوکرایەوە، گوتی: زۆرێک لە کێشەکانی ئێران لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەگەڕێنەوە بۆ کێشەی چارەسەرنەکردنی کێشە و دوژمنایەتییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران." لە لایەکی دیکەوە، ئێران هیچ نیازێکی نییە کە پرس و ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەرەوپێش ببات؛ بۆیە رەگی کێشەکانی ئێستا لەم خاڵەدایە”.

ئەو بەرپرسەی پێشووی سوپای پاسداران، پرسی نێوان ئێران و ئەمریکای بە سەرەوەی بوارەکانی ئەتۆمی و مافی مرۆڤ و پرسەکانی پەیوەست بە شەڕی ئۆکرانیا زانی و جەختی لەوە کردەوە، کە "چارەسەری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئەمریکا و ئێران بگەن بەو ئەنجامەی کە پێویستە جیاوازی و کێشەکانیان چارەسەر بکەن." بۆ چارەسەرکردن لە خاڵێکەوە ئەویش لە رێگەی دانوستانی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵاتەوە.

ئەو بەرجامی بە خاڵی دەستپێکی ئەم جوڵەیە دەزانی، بەڵام لە هەمان کاتدا، گرنگیدان بە تەنها لەسەر بەرجام، وەک یەک پرس بە بێهودە زانی.

 مانگانە یەک ملیار دۆلار سەرمایە لە ئێران دەچێتە دەرەوە

عەلایی بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێران گوتی: ئێستا خەڵک لە بارودۆخی ئابووری و نەبوونی سەقامگیری لە ئابووریدا ناڕازین و لە ئەنجامی ئەو بارودۆخانەشدا ئێران بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە سەرمایە بە شێوەیەکی بەردەوام لێی دەردەچێت."

ناوبراو زیادی کرد: مانگانە یەک ملیار دۆلار سەرمایە لە ئێران دەکێشرێتە دەرەوە و بەشێکی زۆر لە چالاکانی ئابووری و خاوەنکار و شارەزا لە ئێرانەوە کۆچ دەکەن، کە ئەمەش زیانێکی زۆری بۆ ئەو وڵاتە هەیە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە رۆڵی ئەمریکا لە پەکخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و وڵاتانی وەک چین و عێراق گوتی: ئەو وڵاتانەی کە ماوەیەکی زۆرە وزەیان لەگەڵ ئێران ئاڵوگۆڕ کردووە، وەک چین، کۆریای باشوور، ژاپۆن و هیندستان، ئێستا نەوتی ئێران ناکڕن و ئەو پارەانەی کە لەم وڵاتانەدایە بە ئاسانی نایدەنەوە بە ئێران؛ بۆیە ئێستا دەبێت لە نێوان خراپ و خراپتردا هەڵبژێرین”.

عەلایی هەروەها داوای کرد، ئەمریکا و ئێران لە هەندێک بواردا بەرژەوەندی هاوبەش دیاری بکەن و هەوڵ بدەن لە رێگەی ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشانە، ئاستی دوژمنایەتی نێوان هەردوو وڵات کەم بکەنەوە.

سەرچاوە: اعتماد

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین