رووسیا: چەقبەستوویی دانوستانەکانی بەرجام لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکی کۆنترۆڵنەکراو دایە وەرگێڕان

نوچەنێت 

میخائیل ئولیانۆڤ، نوێنەری رووسیا لە رێکخراوی نێودەوڵەتی لە ڤیەننا، رۆژی چوارشەممە ٨ی فێبریوەری لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، چەقبەستوویی دانوستانەکانی ڤییەنا، سەبارەت بە بوژانەوەی بەرجام لەگەڵ پەرەسەندنی "گرژییەکی کۆنترۆڵنەکراو" دایە.

ئەم لێدوانانەی نوێنەری رووسیا لە دانوستانە وەستاوەکانی بەرجام، لە کاتێکدا رافایل گەڕوسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، دوێنێ لە ئینستیتیوتی «چتم هاوس» لە لەندەن رایگەیاند، کە خۆی و بەرپرسانی بەرپرس لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، پێویستە قسە بکەن، و ئەم گفتوگۆیانە زۆر بە زوویی ئەنجام بدرێن.

پێشتر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە راپۆرتێکی نهێنیدا، کە بۆ ئەندامانی ئەم رێکخراوە نێردراوە، کردەوەی نهێنی ئێرانی بۆ گۆڕینی پێکهاتەی شلەمەنی سەنتەرفیوژ لە شوێنی فردۆ و بەمەبەستی گەیشتن بە 60%ی پیتاندنی یۆرانیۆم راگەیاند و رەخنەی توندی لەم کارەی ئێران گرت.

بەپێچەوانەی ئەم لێدوانانە، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانی ئەم دواییەی خۆیدا سەبارەت بە دانوستانەکانی بەرجام رایگەیاند، "دانوستاندنە ئەتۆمییەکان و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان هێشتا کاری پێدەکرێت و پەیامەکان لە ئاستە جیاوازەکاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێن".

لە لایەکی دیکەوە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، رۆژی دووشەممە ٦ی مانگ بە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی راگەیاندووە، هەوڵەکانی بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە "بەرجام" راناگرێت.

بۆرێل ئاماژەی بەوەدا: بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی نەتوانێت ببێتە دەوڵەتێکی ئەتۆمی، ئەوەندەی من بزانم، هیچ پلانێکی بەدیل بۆ ئەم رێککەوتنە نییە.

جگە لەوەی تاران داوای گەرەنتی لە واشنتۆن کرد، کە حکومەتی ئەم وڵاتە لە هەر دانوستانێک پاشگەز نابێتەوە، هەروەها داوای لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کرد، کە لێکۆڵینەوەکان لە چالاکییەکانی پێشووی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوە نهێنییەکانیدا رابگرێت و لێکۆڵینەوەی نوێ دەستپێنەکات.

دوای راپەڕینی سەرتاسەری گەلی ئێران لە دژی کۆماری ئیسلامی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، کە بووژانەوەی بەرجام لە کارنامەی ئیدارەی بایدن دا نەماوە.

لەم پێوەندییەدا مارک فیتزپاتریک، دیپلۆماتکار و لێکۆڵەری پێشووی ئەمریکی لە "پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ستراتیژی"، رایگەیاندووە، هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی دانوستانەکانی رۆژئاوا لەگەڵ ئێران بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 گەیشتە بنبەست، ئەوە بووە کە سوپای پاسداران نەیویستووە بەرجام زیندوو بکاتەوە.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین