شةفيقى حاجى خدر: کتێبی کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

شەفیقی حاجی خدر نووسەر و وەرگێڕ، لە لێدوانێکدا دەربارە کتێبی (بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و دابڕینی موسڵ) دەڵێت، "ئەوانەی دەیانەوێ لە مێژووی سیاسەتی دەولی زلهێزەکانی سەرەتای سەدەی ڕابردوو بگەن، ئەوانەی بەدوای سەرەداوی چۆنیەتی چاوتێبڕینی زلهێزێکی وەک بریتانیا لە کوردستان و دابەشکردنی خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەگەڕێن، تەلیسمەکەی شکاندووە و کۆدەکانی کردوونەتەوە، بەم جۆرە ئەم کتێبە چیرۆکى نیشتمانێکی خێرلەخۆنەدیومان بۆ دەگێڕێتەوە."

ئەمڕۆ شەممە (11/شوبات/2023)شەفیقی حاجی خدر لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبی (بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و دابڕینی موسڵ) بۆ نوچەنێت گوتی، "دارت بروکس ڕیسلی دووەم، نووسەرى ئەم کتێبە لە پێشەکییە تایبەتیەکەی خۆی بۆ چاپی کوردی تێزە ئەکادیمییەکەی نووسیویەتی: من هەمیشە لە لیکۆڵینەوە مێژووییەکانمدا تەلیسمێکی شاراوە لە ڕابردوودا دەبینم، زانیارییمان لەبارەی ئەو تەلیسمە پچڕپچڕە و ئامرازی بەدواداچوونیشمان سنووردارە. کاری مێژوونووسیش ئەوەیە، تا بۆی بلوێ شکاندن و درکاندنی ڕازەکانی ئەو تەلیسمەیە." 

وەرگێڕ روونکردنەوەى زیاتر لەسەر ناوەڕۆکى کتێبەکەدا و دەشڵێت، "ئەم کتێبە بۆ خوێندکاران و توێژەرانی بواری مێژوو، ئەوانەی دەیانەوێ لە مێژووی سیاسەتی دەولی زلهێزەکانی سەرەتای سەدەی ڕابردوو بگەن، ئەوانەی بەدوای سەرەداوی چۆنیەتی چاوتێبڕینی زلهێزێکی وەک بریتانیا لە کوردستان و دابەشکردنی خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەگەڕێن، ئەوانەی دەیانەوێ بزانن چۆن و بۆچی بە دەوڵەتە تازەدروستکراوەکەی عێراقەوە لکاین، ئەوا ئەم کتێبە وەک سەرچاوەیەکی سەنگین و بەهاداری ئەم پرسە ئاڵۆزبڵۆزەیە، کە لێکەوتەکانی ڕۆژ بەڕۆژ دژوارتر دەبن، تەلیسمەکەی شکاندووە و کۆدەکانی کردوونەتەوە."

شەفیقى حاجى خدر لە بارەى گرنگى ئەو کتێبە دەڵێت، "کاتی خۆی هەموومان مەراقی کتێبە بەنرخە و دەگمەنەکەی (د فازڵ حوسێن) بووین بە ناوی کێشەی موسڵ (مشکلة الموصل)، بەڵام کتێبەکە زیاتر لەبارەی چۆنیەتی لکاندنی موسڵ و ڕێکارەکانی راپرسی بوو لەسەر هێنانی فەیسەلی کوڕی حوسێن و هەروەها لیژنەی کۆمەڵەی نەتەوەکان و ڕاسپاردەکانی، هەرچی ئەم وەرگێڕانە تازەیە، باسی ماکی کێشەکە دەکا، واتە ڕەگوڕیشەی پرسی ویلایەتی موسڵ لە کوێوە سەری هەڵداوە".

هەروەها لەم کتێبە بە بڕواى نووسەر، هۆکارى چاوتێبڕینى زلهێزەکان لە وڵاتانى تر خراوەتەڕوو بەتایبەت بەریتانیا، هەروەک خۆى بۆ نوچەنێت گوتى، "هۆکارەکان چی بوون کەوای لە بەریتانیا کرد چاوی لەسەر هەڵنەگرێ، وێڕای ئەوەی ڕێککەوتننامەی سایکس -پیکۆ ویلایەتی موسڵی دابووە فەرەنسییەکان، کەچی بریتانیا دەستی لێهەڵنەگرت، تا لوید جۆرج سەروەزیری بریتانیا کلیمەنسۆی سەروەزیری فەرەنسای هێنایە ڕا تا ویلایەتەکە بە بریتانیا ببەخشێ. ئەوەی. ئەم کتێبە چ بە دێڕە دیار و ئاشکراکانی چ بە هەڵهێنانی مەتەڵی نێو دێڕەکان و واتای ئەودیوی دێڕەکان، هەموو شتێک لەبارەی چاوتێبڕینی زلهێزێکی وەک بریتانیا دەهێنێتە گۆ. ئەوەی باڵکێشە، سێ هۆکارە سەرەکییەکە (نەوت و دانەوێڵە و پێگەی ستررتیژی سەربازی) بوو وای لەبریتانیا کرد ڕێککەوتننامەی سایکس- پیکۆش بگۆڕێ و هەموار بکاتەوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین