ئێران سەرەڕای هۆشدارییەکان درۆنی پێشکەوتووتر دەداتە رووسیا ئێران

نوچەنێت

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی نووسیویەتی، کۆماری ئیسلامی جۆری نوێ و پێشکەوتووی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی دوور مەودای بە قاچاخ بۆ رووسیا ناردووە بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکرانیا.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رۆژی یەکشەممە ١٢ی فێبریوەری، لە راپۆرتێکدا بە گێڕانەوە لە هەندێک سەرچاوەی ئاگادار لە ئێران، دەڵێت، لانیکەم ١٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گەیاندراونەتە هێزی دەریایی رووسیا. ئەمەش دوای ئەوەی ئەفسەر و تەکنیکارانی رووسی لە مانگی نۆڤەمبەری رابردوودا سەردانی تارانیان کرد و ئاشنایان کردن بە تەواوی دەستکەوتە تەکنەلۆژییەکانی ئێران.

بەپێی زانیارییەکانی گاردیانی بەریتانی، شاندی رووسیا کە دە کەس بوون لەو کاتەدا شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "مهاجر-٦"یان هەڵبژاردووە، کە توانای تا مەودای نزیکەی 200 کیلۆمەتری هەیە و لە ژێر هەر باڵێکدا دوو مووشەک هەڵدەگرن، جگە لەوە ١٢ فڕۆکەی "شاهد-١٩١" و ". شاهد-١٢٩" کە توانای هێرشی ئاسمانی بۆ ئامانج لە زەوی هەیە.

بە پێچەوانەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ناسراوەکانی شاهد ١٣١ و ١٣٦ کە رووسیا لە هێرشەکانی زۆر بەکاری هێناوە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نوێیانە زۆر بەتواناترن و بۆ هەڵگرتنی بۆمب دروستکراون و خۆکوژ نین، بەڵکو دەتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ بنکەکەیان.

ئەوە لەکاتێکدایە، کە کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایەن هێزەکانی رووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی تووڕە کردووە و ناچاری کردوون، کە تاک و دامودەزگا سەربازییەکانی پێوەندیداری ئێران بخەنە لیستی گەمارۆکانی خۆیانەوە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین