گوتەبێژی کابینەی حکومەتی پێشووی ئێران: خوازیاری هەڵبژاردنی ئازادە ئێران

نوچەنێت

گوتەبێژی حکومەتی پێشوو و یەکێک لە ئەفسەرانی پێشووی باڵای دەزگای ئیتلاعاتی ئێران، لە وتووێژ لەگەڵ ئیلنا، داوای لە کاربەدەستانی وڵاتەکەی کرد، کە ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی رابردوو لە ئێران، لە رەگ و ریشە و هۆکارەکانیان چاوپۆشی نەکەن و لێیانەوە فێربن. هەروەها خوازیاری هەڵبژاردنی ئازادە.

عەلی رەبیعی، گوتەبێژی کابینەکەی حەسەن رووحانی، لە ئاراستەکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانییەکان لە دەرەوەی وڵات هۆشداری دا و بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ئەوان هەوڵ دەدەن بە پشتبەستن بە وڵاتانی دەرەوە داواکاری سرووشتی و ژیانی ناڕازییان بگەیەننە توندوتیژی و چەواشەکاری. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، زیانی گەورەی کۆماری ئیسلامی "گەڕانەوەی کۆمەڵگایە بۆ دۆخی پێش شۆڕش (شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩) و نابێ رێگە بەمە بدرێت".

رەبیعی لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئەوەی رێگری لەم کارە بکرێت، پێویستە لە ئێستاوە چاکسازی دەست پێبکرێت، واتە لە دۆخێکدا کە بە گوتەی ئەو، هۆکار و پاڵنەرەکانی ناڕەزایەتی و نائارامی لە وڵاتدا هێشتا کاریگەرن. دەشڵێت، کە ئەم چاکسازیانە پێویستە "گۆڕانکاری لە بەهاکانی ناوەوە، لە سیاسەتی دەرەوە لە کارکردن لەگەڵ جیهان" و دواجار ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد".

رەبیعی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، کە دەبێ لەگەڵ دانانی سیاسەت لەسەر بنەمای زۆرەملێ، یەکلایی بکرێتەوە، چونکە بە بڕوای ئەو "سیاسەتی کلتووری بە زۆرەملێ، پەیڕەو ناکرێ". هەروەها خوازیاری ئەوەیە، کە حکومەت "سەبارەت بە دیاردەی ناڕەزایەتی" لەوڵاتدا بە چاوی ئەمنییەوە لێی نەڕوانێت. بە ئاماژەدان بە لێبوردنی دەیان هەزار زیندانی لەلایەن عەلی خامنەیی، گوتی، خۆزگە تەنانەت ئەم دەستبەسەرکردنە بەرفراوانەمان نەبوایە".

سەرچاوە: رادیۆ فەرەنسا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین