بەریتانیا بۆ یەکەجار بەڵگەنامە لەسەر چەکی پێشکەوتووی ئێران رادەستی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات ئێران

نوچەنێت

حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند "بەڵگەنامە"یەکی لە سەر چەکی پێشکەوتوو، کە بە گوتەی ئەو وڵاتە "بۆ یەکەمجار نیشان دەدات" کە ئێران چەکی پێشکەوتوو بۆ هێزەکانی حوسییەکانی یەمەن دابین دەکات، رادەستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. کە ئەم کارەی ئێران پێچەوانەی بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکانە.

رۆژی دووشەممە ١٣ی فێبریوەری، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێس، هێزی دەریایی بەریتانیا ساڵی رابردوو لەکاتی چاودێریکردنی بەلەمی خێرا لە دەریای عەممان، دەستی بەسەر ئەم کوادکۆپتەرەدا گرتووە.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رۆژی دووشەممە لە لەندەن رایگەیاند، کە ئەم چەکە و "بەڵگەنامە"کانی دیکەی وەک بەڵگەیەک بۆ پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش لەلایەن ئێرانەوە پێشکەشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.

بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، شارەزایانی بەریتانیا توانیویانە زانیارییەکانی ئەو کوادکۆپتەرە شیبکەنەوە، کە لە میمۆریەکەیدا نەسڕدراوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە، کە ٢٢ گەشتی تاقیکاری لە بارەگای فڕۆکەوانی سوپای پاسداران لە رۆژئاوای تاران ئەنجام داوە.

ئەم مایکرۆکۆپتەرە بازرگانییە، کە بۆ چاودێری دیزاین و دروستکرابوو، لەنێو بارێکدا دۆزرایەوە کە ژمارەیەک موشەکی زەوی بۆ ئاسمان و بەشەکانی مووشەکی کۆنترۆڵکراوی دروستکراوی ئێرانی لەخۆگرتبوو.

راوێژکاری حکومەتی بەریتانیا، تاریق ئەحمەد، بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم پەیوەندییەدا دەڵێت "جارێکی دیکە سەرەڕۆیی و بێباکی بڵاوبوونەوەی چەکی ئێران و چالاکییە تێکدەرەکانی ئێران لە ناوچەکەدا ئاشکرا بووە".

هەر لەو پێوەندییەدا، بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە، "یەکەمجارە بتوانین ئەو جۆرە بەڵگەنامانە بخەینەڕوو، کە ئاماژەن بۆ پەیوەندی راستەوخۆی حکومەتی ئێران لەگەڵ دابینکردنی ئەم چەکانە”.

لە ساڵی ٢٠١٣ وە دوابەدوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە یەمەن و کۆنترۆڵکردنی شاری سنەی پایتەخت لەلایەن هێزەکانی حوسییەکان، ئەنجومەنی ئاسایش ناردنی چەکی بۆ چەکدارانی حوسییەکان قەدەغە کرد.

لەلایەکی دیکەوە، هێزی دەریایی فەرەنسا، مانگی رابردوو رایگەیاند کە دەستی بەسەر کەشتییەکی لە دەریای عومان گرتووە کە  هەزاران چەکی سووک، دۆشکە و مووشەکی دژە تانکی تێدا دۆزیوەتەوە، کە "لە ئێرانەوە بۆ حوسییەکان بارکراون".

هەروەها سێ مانگ پێش ئێستا، هێزی دەریایی ئەمریکا "دۆزینەوەی" ٧٠ تن سووتەمەنی موشەکی راگەیاند، کە "لە کیسی پەینی کیمیایی دا و لە کەشتییەکدا کە لە ئێرانەوە هاتبوو شاردرابوونەوە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین