ئابووریناسێک: کۆماری ئیسلامی لە دوا قۆناغی رووخاندایە ئێران

نوچەنێت 

موحسین رنانی، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆی ئیسفەهان، لە وتارێکدا دەڵێت، کۆماری ئیسلامی ئێران بە "سێ قۆناغی یەکەم"ی "رووداوی رووخان"دا تێپەڕیوە و روون نییە، تا چ رادەیەک دەوانرێ بە "بەرخۆدان، توندوتیژی و بە ئەمنی کردنی کۆمەڵگا". پێش بە روودانی دوا قۆناغ (قۆناغی رووخان) بگیریێت. دەشڵێت، "گرنگترین شت، کە بزووتنەوەى ژینا کردى، ئەوە بوو کە سیستەمەکەی خستە قۆناغى کەوتنی هێماکان".

موحسین رنانی لەم وتارەدا کە رۆژی پێنجشەممە ١٦ی فێبریوەری، لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاوی کردەوە، باس لەوە دەکات کە سەرەتا دوودڵ بووم لە بڵاوکردنەوەی ئەم وتارە کە دوو مانگ پێش نووسراوە و بۆ محەممەد جەواد زەریف وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێرانی ناردووە، بۆ ئەوەی بگاتە دەستی عەلی خامەنەیی، رێبەری کۆماری ئەسلامی، بەڵام دوای ئەوەی زەریف نەیتوانی ئەم دەقە بگەیەنێتە خامنەیی، بڕیاریدا بە ئاشکرا بڵاوی بکاتەوە.

رنانی نووسیویەتی: "رووخانی هەموو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی دوو رەهەند و چوار قۆناغی هەیە، کە یەک لە دوای یەک و بە شوێن یەکدا روودەدەن". رەهەندی یەکەم کەوتنی زیهنە، کە دوو قۆناغی هەیە: کەوتنی کارامەیی و کەوتنی شایستەیی؛ رەهەندی دووەم، بریتییە لە کەوتنی بابەتی، کە دوو قۆناغیش لەخۆدەگرێت: کەوتنی هێماکان و کەوتنی پێکهاتەکان.

ئەم مامۆستایەی زانکۆ جەختی لەوە کردۆتەوە، کە "ئێستا باوەڕم وایە کە کۆماری ئیسلامی بە سێ قۆناغی یەکەمی رووخاندا تێپەڕیوە و لە بەربەستی قۆناغی چوارەمدا وەستاوە".

رنانی نووسیویەتی: ئایا ئێران بەرەو ئەزموونی شیلی و باشووری ئەفریقا دەڕوات، یان ئەزموونی لیبیا و سوریا، سەرەتا پەیوەستە بە هەڵسوکەوتی حکومەت و دواتر بە هەڵسوکەوتی کۆمەڵگاوە. جەختیشی لەوە کردۆتەوە، کە دەرفەتی "چاکسازی لە سەرەوە" لەدەستچووە، بەڵام هێشتا ئەگەری "شۆڕش لە سەرەوە" ماوە.

رنانی هۆکاری لەدەستدانی دەرفەتی "چاکسازی لە سەرەوە" بەم شێوەیە روون دەکاتەوە: "پێشمەرج بۆ سەرکەوتنی چاکسازی لە سەرەوە متمانە پێکردنە بە سیستەمی سیاسییە، ئێستاش سیستمی سیاسی متمانەی خۆی لە لای بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا لەدەستداوە".

هەروەها هۆشداری داوەتە حکومەت و دەڵێت "پێویستە بزانێت لە سەقامگیری ئێستای دۆخەکە خۆپەسەنی و خۆهەڵکێشان نەکات، چوونکە شانسی کەمترە لەوەی بیری لێدەکاتەوە؛ بۆ ئەوەی بزانێت ئەگەر لە رووی دەروونییەوە بە میتۆدەکانی سەرکوتکردنی توندوتیژانە ئەم نەوەیە بێ هیوا بکات، ئەم نەوەیە گەیشتووەتە قۆناغی هیوای بوونی و دەتوانێت لە هەر ساتێکدا ئاسۆی هیواخوازانەی نوێ دروست بکات”.

رنانى لە شیکردنەوەى رەفتارى حکومەتدا، ناڕەزایەتییەکانى "ژن، ژیان، ئازادى" بە "بزووتنەوەى ژینا" ناوبردووە و دەڵێت: گرنگترین شت کە بزووتنەوەى ژینا کردى، ئەوە بوو کە سیستەمەکەی خستە قۆناغى کەوتنی هێماکان. من پێم وایە لە نێوان پانزە دەستکەوتە مێژووییەکانی بزووتنەوەی ژینادا، کەوتنی هێماکان هەمەلایەنەترین و خێراترین دەستکەوت بوو.

بە گوتەی ئەم ئابوریناسە، "ئەو راستییەی کە گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی وەک خوێندکار، وەرزشکار، هونەرمەند و چالاکانی مەدەنی، هەموویان گاڵتەیان بە سیمبولەکانی حکومەت کردووە و کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵک بە پێڕەوی لەوان، چیتر نمایش سیمبوولەکانی دەسەڵات نمایش ناکەن". نیشانەی چوونی کۆمەڵگا بۆ قۆناغی رووخاندن، هێماکانن.

رنانی ئاماژەکانی سەرەکی سیستەمێک بۆ چوونە قۆناغی چوارەم و لە کۆتاییدا رووخان، بەو شێوەیە رووندەکاتەوە، کە "سیستەمەکە دەچێتە قۆناغی رەفتارەکانی کاریکاتێرییەوە، واتە دەستدەکاتەوە بە چالاکییە شکستخواردووەکانی پێشووی لە ژێر ناوێکی جیاواز و بە فۆرمێکی جیاواز".

موحسین رنانی پێوانەی ئەم دۆخە، کەمبوونەوەی هاوکاتی "کۆنتڕۆڵکردنی" سیستەمەکە بەسەر دۆخەکەدا و کەمبوونەوەی "خۆگونجاندن" وەک نیشاندەری ئەم قۆناغە (دوا قوناغ) ناوبرد و نووسیویەتی "بەڵگەیەکی زۆر ئاماژە بەوە دەکەن، کە سیستەمەکە ئێستا بە ئاشکرا ئەو تایبەتمەندیانەی دەرخستووە". 

 ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتی رووخانی کۆتایی دەسەڵات کەی روودەدات، پەیوەستە بە زۆر رووداوەوە، بەڵام ئێستا ناتوانرێت پێشبینی بکرێت کامیان بە تەواوی کەی روودەدەن".

ناوبراو باسی لەو ڕووداوانە کرد، لەوانە چارەنووسی شەڕی ئۆکرانیا، ئاستی پشتیوانی جیهانی بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێران، دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، کاریگەریی فشارە ئابوورییەکان لەسەر خەڵک و جۆری کاردانەوەکانیان و شتی دیکە و نووسیویەتی، " ئەمانە هەموویان لە دەستی ئێمەدا نین، بەڵام هەریەکەیان دەتوانێت ببێتە هۆی رووخانی کۆتایی سیستمەکە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین