ئەمەریكا چەندین بەرپرس و كۆمپانیای ئێران سزا دەدات ئێران

نوچە نێت:

بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای دارایی بەسەر داهاتی نەوتی ئێران سەپاند و وەزیری خەزێنەی ئەمەریکاش دەڵێت، ئەمەریکا سزای لاوەکی بەسەر ئەو دامەزراوە داراییانەش دەسەپێنێت کە کار لەگەڵ ئێراندا دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (16/4/2026) سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەم ڕۆژانە ئەمەریکا خۆی ئامادە دەکات گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەک زیاد بکات کە لە ڕوی داراییەوە ببێتە هاوتا و هاوشێوەی بۆردومانێکی سەربازی، بۆیە ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ سەپاندنی سزای لاوەکی بەسەر ئەو دامەزراوە داراییانەی کە بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەکەن.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی ئەم گەمارۆ ئابوورییە ئێران کڕیارانی نەوت لەدەست دەدات، لای خۆشمانەوە بە وڵاتانمان وتووە ئەگەر نەوتی ئێران بکڕن و  پارەی ئێرانتان لە بانکەکانتان هەبێت، ئامادەین سزای لاوەکیتان بەسەردا بسەپێنین، کە لە بنەڕەتدا سزای لاوەکی بەو سزایە دەوترێت کە دەخرێتە سەر ئەو لایەنانەی سەودا لەگەل لایەنی سزادراوی سەرەکی دەکەن. بۆیە ئاگادارین کە پێشتر چین زیاتر لە (%80)ی نەوتی ئێرانی لە ڕێگەی نەوتهەڵگرەکانەوە کڕیوە، بۆیە ئێمە پێمان وایە لەگەڵ ئەم گەمارۆ دەریاییەی ئەمەریکا کڕینی چین لە ئێران دەوستێت.

سکات بێسێنت ڕاشیگەیاند، کە حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕێوشوێنی ئابووری بەهێز بەرامبەر کەسایەتییە دیارەکانی ڕژێمی ئێران لەنێویاندا بنەماڵەی شەمخانی دەگرێتەبەر، کە هەموو کات سامان کۆدەکەنەوە و لەسەر حیسابی خەڵکی ئێران قازانج دەکەن، بۆیە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بڕینی داهاتی ئێران لە قاچاخی نایاسایی سووتەمەنی و پێویستە دامەزراوە داراییەکانیش ئاگادار بن کە خەزێنەی ئەمەریکا تەواوی ئامراز و دەسەڵاتەکانی خۆی، لەوانەش سزا لاوەکییەکان، لە دژی ئەو کەسانە بەکار دەهێنێت کە بەردەوامن لە پشتیوانیکردن لە چالاکییە تیرۆریستییەکانی تاران.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین