سوودانى كۆمه‌ڵێك رێنمایى بۆ شنگال ده‌ركردووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كۆمه‌ڵێك رێنمایى بۆ شنگال ده‌ركردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى په‌له‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان بۆ شاره‌كه‌ بكرێت و یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانيش پێدانى "مینحه‌یه‌كه‌" بۆ ئه‌و خێزانانه‌ى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شنگال.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19/ شوبات/2023 وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراق له‌ راگه‌یێندراوێكدا ده‌ڵێ، "بۆ جێبه‌جێكردنى رێنماییه‌كانى محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، ده‌ست به‌ پێدانى مینحه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كرێت بۆ ئه‌و خێزانانه‌ى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شنگال".

عه‌بدولقادر ده‌خیل ئه‌نجام له‌ لیژنه‌ى كۆششى حكومه‌ت بۆ ئاوادانكرنه‌وه‌ له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ده‌ڵێ، "سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كۆمه‌ڵێك رێنمایى ده‌ركردووه‌، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى خزمه‌تگوزارى شنگال و ئاماده‌كاریى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان".

ئه‌و به‌رپرسه‌ حكومییه‌ ده‌شڵێ، "جدیه‌تى روون له‌لایه‌ن حكومه‌ت هه‌یه‌، بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان و سه‌قامگیركردنى بارودۆخى ئه‌منى له‌ شنگال". یه‌كێك له‌ رێنماییه‌كانى سوودانى په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى بارودۆخى ئه‌منى شاره‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ و تا هه‌موو زانیارییه‌كان له‌ رووى ئه‌منییه‌وه‌ تۆمار بكرێن". 

له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى 2020 حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فیدڕاڵى رێككه‌وتنێكیان واژۆ كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بارودۆخى شنگال ئاسایى بكرێته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا به‌شێكى زۆرى جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین