سوودانى: ژماره‌ى راوێژكارانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دیارى ده‌كه‌ین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌كاتى به‌شداربوونى له‌ كۆنگره‌ى میونشن، هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى راگه‌یاند و گوتى، "ژماره‌ى راوێژكارانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دیارى ده‌كه‌ین".

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19/شوبات/2023 محه‌مه‌د شیاع سوودانى له‌ میانه‌ى به‌شداربوونى له‌ كۆنگره‌ی میونشن وتارێكى پێشكه‌شكردووه‌ و هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمان خستووه‌ته‌ڕوو. سوودانى ده‌ڵێ، "هه‌ڵوێستمان روون و ئاشكرایه‌ و ئێمه‌ پێویستمان به‌ هێزى جه‌نگاوه‌رى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى نییه‌". 

سوودانى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ عێراق پێویستى به‌ راوێژ و مه‌شق و ئاڵۆگۆڕى زانیارى هاوپه‌یمانان هه‌یه‌، ده‌شڵێ، "كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ژماره‌ى راوێژكاانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق دیارى بكه‌ین، به‌شێوه‌یه‌ك پارێزگارى له‌ سه‌روه‌رى وڵاته‌كه‌مان بكات، ئه‌مه‌یش تێڕوانینێكه‌ له‌ڕووى جه‌ماوه‌رى و سیاسییه‌وه‌ قبووڵكراوه‌".

هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژ به‌ داعش، ئه‌مریكا سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات و زیاتر له‌ 80 وڵات و رێكخراو تێیدا به‌شدارن، تا ئێستا ژماره‌ى سه‌رباز  و راوێژكارانى  هاوپه‌یمانییه‌كه‌ له‌ عێراق روون نییه‌. په‌رله‌مانى عێراق له‌ كانوونى دووه‌مى 2020 بڕیارى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكاى داوه‌ كه‌ سه‌ره‌كیترین هێزى هاوپه‌یمانن، له‌كۆتایى ساڵى 2021 مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌و كاته‌ى عێراق كشانه‌وه‌ى هێزه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانى هاوپه‌یمانانى له‌ عێراق راگه‌یاند و گوتى، "ئه‌وه‌ى ده‌مێننه‌وه‌ راوێژكارن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین