عراقچی: خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵات زۆر مەترسیدارن ئێران

نوچەنێت

عەباس عراقچی، کەسی دووەمی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا هۆشداریی دەداتە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران لە دەرەوەی وڵات و دەڵێت، ئەو کردەوانەی کە لە ئاستی نێودەوڵەتی دژی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دراون، "زۆر مەترسیدارن".

عراقچی، لە چاوپێکەوتنێکدا، ئەو ناڕەزایەتی و کردەوانە بە "پرۆژەی بەدناو کردن، ئەمنیەتی کردن و بێ شەرعیەت کردنی کۆماری ئیسلامی"  لێکداوەتەوە. هەروەها گوتووشیەتی: "ئەمە زۆر مەترسیدارە". "مەترسیدار بەو مانایەی کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەکانمان هەیە و دەبێت وریا بین".

سکرتێری ئێستای ئەنجومەنی ستراتژیکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی کە کەمال خەرازی سەرۆکایەتی دەکات، هەڵمەتە نێودەوڵەتییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی بۆ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل گەڕاندەوە و دەڵێت، کە دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە "هەوڵ دەدەن ئێران وەک هەڕەشەیەک و وەک سیستەمی قبوڵنەکراو بناسێنن".

جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت، ئەمە کاریگەری خۆی لەسەر پەیوەندییەکانی دەرەوەمان هەیە و هاوکاری ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کەم دەکاتەوە؛ واتە کەش و هەوایەک دروست دەکەن، کە وڵاتان لە هاوکاری لەگەڵ ئێران دوودڵ بن”.

هەروەها باسی لە خۆپیشاندانی ئێرانییەکان لە سەرتاسەری جیهان کرد و گوتی: نابێ رێگە بە خۆپیشاندان و راگەیەندراو لە دژی ئێمە بەردوام بێت.

ئەم لێدوانەی عراقچی لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە خۆپیشاندانی خەڵکی ئێران لە دژی حکومەتی ئەم وڵاتە، درێژەی هەبووە و ژمارەیەک لەوان لە شاری میونشن کە شوێنی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دژ بە کۆماری ئیسلامی بەڕێوە برد.

بڕیارە سبەی دووشەممە لە برۆکسل گردبوونەوەیەک بەڕێوەبچێت و داواکارییەک بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تاقمە تیرۆریستییەکان لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا حکومەتی ئێران بە هۆی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران زیاتر لە پێشوو گۆشەگیر بووە و وڵاتانی رۆژئاواش سزای زیاتریان بەسەر تاراندا سەپاندووە.

هەروەها دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ئۆکرانیا بە ناردنی چەک بۆ رووسیا بووەتە هۆی ئەوەی کە کۆشکی سپی رابگەیەنێت کە دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام لە پێشینەی کارەکانی ئیدارەی جۆ بایدن نییە.

سەرچاوە: ئار.ئێف.ئای

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین