یەکێتی ئەوروپا پاکێجی پێنجەمی گەمارۆکانی بۆ سەر ئێران راگەیاند ئێران

نوچەنێت

 یەکێتی ئەوروپا بە هۆی سەرکوتکردن و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران، پاکێجی پێنجەمی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد و هەروەها ئەم خولی نوێی گەمارۆکانی سەر بەرپرسان و دامودەزگاکانی ئێران جێبەجێ کرا.

رۆژی دووشەممە ٢٠ی فێبریوەی، یەکێتی ئەوروپا، لە بڕیارێکی نوێیدا، ناوی ٣٢ کەس و ٢ دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی خستە لیستی گەمارۆکانی ئەم یەکێتییە. ئەم کەسانە بە شێوەیەکی سەرەکی کەسانی دەزگای دادوەری و زیندانەکانی ئێرانن، کە بەهۆی بەرپرسیارێتی خۆیان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، کراونەتە ئامانجی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا.

هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی هەزاران ئێرانی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، بۆ دژایەتی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە دانانی ناوی سوپای پاسداران لە لیستی گەمارۆکانی یەکێتی ئەوروپا، ناوی وەزیرانی فەرهەنگ و ئیرشادی و هەروەها پەروەردە، لە پاکێجی پێنجەمی سزاکانی ئەم یەکێتییەدا لە دژی کۆماری ئیسلامیدا جێگیر بوون.

سزادانی هونەرمەندان و سینەماکاران ئێرانی، کە پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئەم وڵاتەیان دەکرد، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە ناوی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی لە لیستی گەمارۆ نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپادا جێگیرکراوە.

هەروەها ناوی یوسێف نوری، وەزیری پەروەردە، بە هۆی بە ئامانج گرتن و دەستگیرکردنی ئەو خوێندکارانەی بەشداری ناڕەزایەتییەکان بوون، ناوی ئەم وەزیرە بە لیستی سزاکان زیاد کراوە.

جگە لە محەممەد مێهدی ئیسماعیلی، وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و یوسف نووری، وەزیری پەروەردە، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، لە پێوەندی لەگەڵ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن ئەم یەکێتییەوە سزادراون و کەتوونەتە ناو لیستی سزا نوێیەکان.

دادوەران، داواکاری گشتی و بەرپرسانی باڵای زیندانەکانی ئێران، بە هۆی تێوەگلانیان لە سەرکوتەکانی ئەم دواییە کەوتبوونە ژێر گەمارۆکانی پاکێجی پێنجەمی یەکێتی ئەوروپا.

لە سەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، لە کاتی دەستگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی دەوریەی ئیرشادەوە، یەکێتی ئەوروپا زیاتر لە ٧٠ بەرپرس و دامەزراوەی ئێرانی بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران سزا داوە.

سەرچاوە: ئاڕ.ئێف.ئای

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین