هاوڵاتیان دەتوانن قۆرخکاری بازاڕ رابگرن کوردستان- عێراق

شارەزایەکی ئابوری:

نوچەنێت: تایبەت

شارەزایەکی بواری ئابوری رایدەگەیەنێت، دەبێت حکومەت کۆنتڕۆڵی بازاڕ و نرخی شتومەک لە دەست بازرگانەکان دەربهێنێت. دەشڵێت “هاوڵاتیان دەتوانن پێش بە قۆرخکاری و هەڵاوسان بگرن”.

رۆژی ٨-٢-٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەواڵی هەڵوەشاندندەوەی پاشەکەوتی موچەی راگەیاند، بەمەش جموجوڵ کەوتە بازاڕەوە، به‌ڵام هاوڵاتیان لە گران بوونی نرخی شتومەک نیگەرانن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شیلان بیبانی، شارەزای بواری ئابوری، مەترسی هەڵاوسان لە بازاڕ و گرانبوونی نرخی شتومەک، رایگەیاند “نرخی شتومەک لە کوردستان بەدەست کۆمەڵێک بازرگانەوەیە و ئەوان بازاڕ بەڕێوەدەبەن، هه‌ر بۆخۆشیان دەتوانن بازاڕ گەرم و گوڕ و دەشتوانن سستی بکەن، بۆنموونە دوای هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی موچە، فەرمانبەر هەیە تەنیا ١٠٠ هەزار لە موچەکەی بۆ دەمێنێتەوە، کەچی نرخی زەوی پێنج هەزار دۆلاری هاتۆتە سەر، ئەمە ناهاوسەنگی دروست دەکات و دەکەوێتە چوارچێوەی هەڵاوسانەوە”.

شیلان بیبانی لەو بڕوایەدایە، کە حکومەت نرخەکانی شتومەک لەدەست بازرگانەکان دەربێنێت و کۆنتڕۆڵی بازاڕ لە هەموو کاتێکدا لەدەستدابێت نەک لەدەست بازرگان. هەروەها حکومەت لە رێکخستنی نرخ و بازاڕدا رۆڵی باڵای هەبێت، تا دوای هەڵوەشانەوەی پاشەکەوت، قۆرخکاری دروست نەکرێت.

لەبارەی پێشگیری هاوڵاتیان لەسەر قۆرخکاری و هەڵاوسان، بیبانی گوتی “وێڕای حکومەت هاوڵاتیانیش دەتوانن کاریگەرییان لە وەستانی قۆرخکاریدا هەبێت، ئه‌ویش به‌ڕێگای ئه‌وه‌ی كاتێك، كه‌ هاوڵاتیان زانیان نرخی کاڵایەک زۆر بەرز کراوەتەوە نەیکڕن، بەمە فرۆشیار ناچاردەبێت قازانجی کەمتر بخاتە سەر کاڵاکە و بازاڕ لە بەرژەوەندی خەڵکدا دەبێت”.

ماوەی سێ ساڵ بوو بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن بەغدا لە سەرتای ٢٠١٤ و دابەزینی نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکان (١٣٠$ بۆ ٣٣ $)، شەڕی داعش بە درێژایی هەزار و سەد کیلۆمەتر و هاتنی نزیک بە ٢ ملیۆن ئاوارە بۆ هەرێمی کوردستان، هەرێمی روو بە رووی قەیرانی ئابوری کردەوە. به‌و هۆیه‌وه‌ حکومەت نەیدەتوانی وەکو پێویست موچەی فەرمانبەران دابین بکات و به‌ ناچاری سستەمی پاشەکەوتی په‌یڕه‌وكرا؛ بەڵام دوای باش بوونی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر، لە کابینەی عادل عەبدولمەهدی، هەروەها ناردنی پشکی هەرێم (٥٢٢ ملیار دیناری مانگانە)، حكومه‌تی كوردستان كۆتایی سیسته‌می پاشكه‌وتی راگه‌یاند.

بۆ دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه‌ش، شیلان بیبانی، به‌پێویستی ده‌زانێت، ئه‌و پارەیەی ئێستا له‌به‌غداوه‌ دێت و هەیە، تەنیا لە موچە خەرج نەکرێت، بەڵکوو هەوڵبدرێت چاکسازی لە موچەدا بکرێت. 
هەروەها بۆ زیادكردنی سه‌رچاوه‌ی داهاتیش، هەوڵەکان لە کەرتی وەبەرهێنان و کشتوکاڵ چڕبکرێنەوە، تا حكومه‌ت بتوانێت جگە لە نەوت داهاتێکی تری هەبێت، زۆر گرنگە حکومەت ئەمجارە سود لەو خاڵە نەرێنیانە وەربگرێت، کە لە رووی ئابورییەوە هەیبووە. بەتایبەت لەرووی سەرچاوەی داهات و ئەم ژمارە زۆرە لە موچەخۆر.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین