ئەڵمانیا دوو دیپلۆماتکاری ئێران لە وڵاتەکەی دەردەکات ئێران

نوچەنێت

حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێرانی لەم وڵاتە لە کارەکانیان دوورخستەوە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان بۆ جەمشید شارمهد، زیندانییەکی خاوەن دوو رەگەزنامەی ئێرانی-ئەڵمانی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی فێبریوەری بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە کە ئەڵمانیا ئەم دوو کارمەندەی وەک "توخمێکی نەخوازراو" ناساندووە و داوای لێکردن ئەم وڵاتە بەجێبهێڵن. بەڵام وردەکاری زیاتر لەسەر ناسنامە و پلەی ئەو دوو دیپلۆماتە بڵاونەکراوەتەوە.

لە ئێستادا لانیکەم ٢٠ هاوڵاتی بیانی کە بەشێکیان خاوەن دوو رەگەزنامەی وەک جەمشید شارمهد لە زیندانەکانی ئێراندان.

جەمشید شارمهد، هاوڵاتییەکی بەڕەچەڵەک ئێرانی لە ئەڵمانیایە، رۆژی دووشەممەی رابردوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض، لە رێگەی پلاندانان و ئاراستەکردنی کردەوەی تیرۆریستی» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

شارمهد تۆمەتبار کرا بە "دانانی بۆمب" لە مزگەوتێکی شاری شیراز، لە ساڵی ٢٠٠٨، کە تێیدا ١٤ کەس کوژران و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون.

دوای راگەیاندنی ئەم هەواڵە، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمهد، زیندانییەکی دوو رەگەزنامەی ئێرانی-ئەڵمانی بە قبوڵنەکراو ناوبرد و هۆشداریدا لەوەی، جێبەجێکردنی ئەم حوکمە "کاردانەوەی توند"ی لێدەکەوێتەوە.

بەگوێرەی ئەم بەیاننامەیە کە دوای چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ شارمهد بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاندووە کە سزای لەسێدارەدان نەک هەر "دڕندەیی و نامرۆڤانە و ریسواکردنە"، بەڵکو جەمشید شارمهد هەرگیز بچووکترین ئیمکانی  بۆ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە نەبووە.

ئانالنا بائربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ئەم لێدوانەیدا دەشڵێت، سەرەڕای هەوڵە چڕوپڕ و ئاست بەرزەکانی حکومەتی ئەڵمانیا، کۆماری ئیسلامی ئێران دەستڕاگەیشتن بە کونسوڵگەری و مافی هەڵبژاردنی پارێزەر بۆ شارمهد و مافی هەڵبژاردنی پارێزەری رەتکردووەتەوە، هەروەها حکومەتی ئەڵمانیا لە پرۆسە و مێژووی دادگایی کردنەکەی ئاگادار نەبووە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین