گەندەڵی ئابووری ئێران لە چ ئاستێکە؟ وەرگێڕان

نوچەنێت

یەکێک لە کێشە درێژخایەنەکانی سیاسی و ئابووری لە ئێران، گەندەڵی داراییە، کە بووەتە هەواڵی رەهەندە بەرفراوانەکان و بەردەوام بڵاودەکرێنەوە. هەر لە هاککردنی ماڵپەڕی وەزارەتی پیشەسازییەوە بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، لەدەستدانی دەکەڵی نەوت، و ساختەکردنی گوند بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی دارستانەکان، تا دەگاتە هەڵهاتنی ئاسانی تۆمەتبارێکی ملیاردێر و…هتد، گەندەڵی لە ئێران واز لە سەرسامکردنی چاودێران ناهێنێت.

گەندەڵی لە ئێران و حکومەتەکەیدا ئەوەندە بەرز بووەتەوە، کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦دا هەر چوار کاندیدی سەرەکی پەسەندکراوی ئەنجوومەنی پارێزەران بە ناوەکانی حەسەن رووحانی، ئیسحاق جەهانگیری، محەمەد باقر قالیباف و ئیبراهیم رەئیسی، بە ئاشکرا یەکتریان بە گەندەڵی تۆمەتبار کرد.

یەکێک لە نموونەکانی دوایی چیرۆکی دامەزراوەی ثامن الحجج،ە کە تیایدا ناوی وەزیری پێشووی دەرەوەی وڵات هاتووە و ئەویش بانکی ناوەندیی بە شەڕی دەروونی تۆمەتبار کردووە.

بەڵام ئابووری ئێران بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان چەندە گەندەڵە؟ وەڵامی کورت بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە:  زۆر.
 

پێوەرەکانی تێگەیشتن لە گەندەڵی

ساڵانە رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بانکەکان و ناوەندە بیرمەندەکان و بازرگانان و بەڕێوەبەرە باڵاکان لە وڵاتە جیاجیاکان ئەنجام دەدات و بە پرسیارکردن سەبارەت بە ئەگەری مامەڵەکردن لەگەڵ گەندەڵکاران و پارەدانی ناڕێک و بڕی بەرتیل و هاوشێوەکانی، راپۆرتێک لەسەر ئەو تێڕوانینەیە لە ئاستی گەندەڵی لە هەر وڵاتێکدا بڵاودەکاتەوە.

وڵاتانی دانیمارک، فینلاند و سوید، ساڵانە بەرزترین ریزبەندییان هەیە، واتە تێڕوانین بۆ ئاستی گەندەڵییان، یان "پێوەرەکانی 
هەستی گەندەڵی"یان، نزمە و لە پێشەنگی ریزبەندییەکەدان.

لە راپرسییەکەدا لە نێوان ١٨٠ وڵات، ئێران لە ساڵانی رابردوودا زۆرجار لە چارەکی خوارەوەی خشتەکەدا بووە. لەم ساڵانەدا ئێران لە ریزبەنددا نزیک لە پلەی ١٣٠ بووە و ساڵی ٢٠٠٨ لە ووی پێوەرەکانی تێڕوانینی گەندەڵییەوە خراپترین ساڵی بووە. ئێران لەمساڵدا پلەی ١٦٨ی بەدەستهێنا.

 

سپیکردنەوەی پارە

دامەزراوەی حوکمڕانی بازل، رێکخراوێکە لە سویسرا و ساڵانە راپۆرتێک لەسەر مەترسی سپیکردنەوەی پارە لە وڵاتە جیاوازەکاندا بڵاودەکاتەوە بە پشکنینی ئاستی شەفافیەت و ستانداردە دارایی و بانکییەکان و سەروەری یاسا و هاوشێوەکانی. لە هەر یەک لە سێ ساڵی رابردوودا، ئێران لە راپۆرتە ساڵانەیەکانی دامەزراوەی بازلدا پلەی یەکەمی لە مەترسییەکانی سپیکردنەوەی پارەدا گرتووە.

دوای ئێران، ئەفغانستان و تاجیکستان، بە پێی ئامارەکانی دامەزراوەی بازل زۆرترین مەترسی سپیکردنەوەی پارەیان لەسەرە. دەسەڵاتدارانی ئێران خۆیان دانیان بە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی "پارەی پیس"دا ناوە.

چەند مانگێک لەمەوبەر حکومەتی ئێران، چوار پڕۆژە یاسای ناردە پەرلەمان بۆ ئەوەی لە لیستی رەشی "گروپی چالاکی دارایی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە (FATF)" دوور بکەوێتەوە، بەڵام دژایەتی رێبەر (عەلی خامنەیی) و کۆنەپارێزەکان بەرامبەر بەم پرۆژە یاسایانەی دژە سپیکردنەوەی پارە، بووەتە پرسێکی بەرفراوان.


شەڕی حکومەت دژی گەندەڵی

لە کاتێکدا فاکتەرەکانی وەک هەژاری، ئاستی نزمی خوێندەواری، دراوسێیەتی لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوە و شوێنی مەبەست-ی قاچاخ، بازاڕی تایبەت یان زۆری سامانی سرووشتی بەنرخ، دەتوانن یارمەتیدەر بن لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، بەڵام زۆرترین گرنگیدان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا لەسەر رۆڵی دامودەزگاکانی حوکمڕانی و پرۆسەکانی یاسایە.

هەروەها بانکی نێودەوڵەتی، ساڵانە کۆمەڵێک پێوەر بڵاودەکاتەوە، کە پەیوەندییان بە کاریگەریی لایەنە جیاوازەکانی حوکمڕانییەوە هەیە لەسەر گەندەڵی. ئێران لە روانگەی ئەم پێوەرانەی بانکی جیهانییەوە، دۆخێکی باشی نییە. بەپێی هەڵسەنگاندنی بانکی نێودەوڵەتی بۆ "کۆنتڕۆڵکردنی گەندەڵی"، ئێران لە دەیەی رابردوودا لە یەک لەسەر سێی خوارەوەی خشتەکەدا بووە.

بۆ بەراوردکردن، تورکیای دراوسێی رۆژئاوای ئێران، لە میانەی خشتەی کۆنترۆڵکردنی گەندەڵیدا جێگەی خۆی هەیە و وڵاتێکی وەک شیلی-ش لەم رووەوە لە باشترین وڵاتەکانە. پێگەیەکی لاوازی لەم شێوەیە، لە سنووردارکردنی گەندەڵیدا، لەگەڵ ئەو دۆخەدا یەکدەگرێتەوە، کە بەردەوام هەواڵی گەندەڵی چەند ملیۆن و چەند ملیار دۆلاری بڵاودەبێتەوە.

لایەنێکی تری پەیوەندی نێوان حوکمڕانی و گەندەڵی، سەروەری یاسایە، واتە تا چەند هەمووان یەکسانن لەبەردەم یاسادا، تا چەند رێوشوێنە یاساییەکان دامودەزگاکان و کەسانی دەسەڵاتدار دەبەستنەوە، هەروەها دامەزراوە دادوەرییەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ داوای یاسایی بە شێوەیەکی شەفاف و بە بێ جیاوازی دەکەن.

لە کاتێکدا بانکی جیهانی هەڵسەنگاندن بۆ سەروەری یاسا لە وڵاتانی جیاوازدا دەکات، ئێران لە پێنجەمی خوارەوەی خشتەکەدایە. لایەنێکی گرنگی سەروەری یاسا ئەوەیە، کە تاک و دامەزراوە زلهێزەکان لە بەرامبەر کارەکانیان لەبەردەم یاسادا وەڵامدەرەوە بن. لەم روانگەیەوە گرنگی یاسا لەوەدایە، کە دەتوانێت لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارەکان بکات لە بەرپرسیارێتی خۆیان، ئەگەر ئەو یاسایە نەبێت کە کەمینەیەکی دەسەڵاتدار و بێ لێپرسینەوە بەسەر ئەوانی تردا دەیسەپێنێت، ئەوە یارمەتیدەر نابێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

لەناو ئەو پێوەرە جیاوازانەی پەیوەستن بە گەندەڵی و حوکمڕانییەوە، کە لە لایەن بانکی جیهانییەوە بڵاو کراوەتەوە، خراپترین پێوەری ئێران ئاستی لێپرسینەوە لە دامەزراوەکانی حکومەتە.

لە دەیەی رابردوودا، ئێران لە خوارەوەی خشتەی لێپرسینەوەکانی حکومەت و لە نێو ئەو وڵاتانەی، کە لە خوارەوەی ١٠% دایە.

دوو دامەزراوەی سەرەکی کە دەبێت گەرەنتی سەروەری یاسا بکەن و لە پایەکانی حکومەت و رێکخراوە ناحکومییە بەهێزەکان  لێپرسینەوە بکات، دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمانی هەر وڵاتێکن.

لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراندا، بۆ ئەو کەسانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی چاودێرییەوە پەسەند نەکراوە ناتوانرێت کاندید بن و بەم شێوەیەش ئەو نوێنەرانەی، کە دەچنە ناو ئەنجومەنەوە لە بازنەی سنوورداری ئەو کەسانەن، کە حکومەت پەسەندی کردووە.

ئەم نوێنەرانە دەسەڵاتی پەسەند کردنی ئەو یاسایانەیان نییە، کە دەیانەوێت و بە کردەوە دەبێت ملکەچی ئۆرگانە هەڵنەبژێردراوەکانی ئەنجومەنی چاودێری و ئەنجومەنی کشتی بەرژەوەندی و رێبەر بن. دوانموونە دژایەتی خودی عەلی خامنەیی بوو لە گەڵ پڕۆژەیاسای سپیکردنەوەی پارە.

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێران، دەسەڵاتی سەرپەرشتیکردنی دامودەزگاکانی ژێر چاودێری رێبەری باڵایان نییە.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی باڵای دەزگای دادوەری ئێران، لە سێ دەیەی رابردوودا هەمیشە لە نێو پیاوانی ئایینی سەر بە فراکسیۆنی کۆنەپارێز و لە چەندین حاڵەتدا بە بێ پێشینەی دادوەری دانراون. ئەمەش وایکردووە، نەک هەر رەخنەگرانی حکومەتی ئێران، چالاکانی مافی مرۆڤ و پارێزەران، بەڵکو کەسانی وەک سەرۆککۆمارانی پێشووی ئێران، دەسەڵاتی دادوەری ئێران بەوە تۆمەتبار بکەن، کە بە شێوەیەکی بێلایەنانە و دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ داوای یاساییدا ناکەن.

لە ساڵانی رابردوودا دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە مشتومڕەکانی پەیوەست بە گەندەڵی تێوەگلاوە، کە تەنانەت ناوی سادق لاریجانی لێپرسراوی دەزگاکەی تێدابوو.

رێکخراوی "پڕۆژەی دادپەروەری جیهانی" کە ساڵانە پێوەرەکانی سەروەری یاسا و کراوەیی حکومەت بڵاو دەکاتەوە، لە دوایین هەڵسەنگاندنی خۆیدا، لە ریزبەندی ١١٣ وڵاتی ژێر پێداچوونەوە لە رووی مافە بنەڕەتییەکانەوە، ئێرانی لە ریزبەندی ١١١ی داناوە.

ئێران لە رووی مافە مەدەنییەکان و مافی تاوانکارییەوە لە نیوەی خوارەوەی ڕیزبەندییەکەدایە.

پرۆژەی دادپەروەری جیهانی، لە رووی دەوڵەتی یاساوە، ئێران لە ریزبەندی ٨٠ لە نێوان ١١٣ وڵاتدا دادەنێت.

 

ئازادی ڕۆژنامەگەری

لە دەرەوەی ڕۆڵی دامودەزگاکانی حکومەت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، نزیکە لە کۆدەنگییەک کە ئازادی رۆژنامەگەری و توانای رای گشتی بۆ تەحەدای دامەزراوە و تاکە بەهێزەکان، کاریگەرییەکی گرنگی هەیە لە سنووردارکردنی گەندەڵیدا، هەروەها رۆژنامەنووسان دەتوانن رێگری لە گەندەڵی بکەن لە رێگەی ئاشکراکردنی کەیسەکانی گەندەڵی، بۆ ئەوەی کەسانی کاریگەر گەندەڵی خۆیان پەردەپۆش بکەن.

بەڵام لە ئێران، میدیاکان بەردەوام رووبەڕووی مەترسی کردەوەی دادوەری و ئەمنی دەبنەوە و لەم ساڵانەی دواییدا، ئێران یەکێک بووە لە سێ گەورە زیندانەکانی رۆژنامەنووسان.

هەواڵنێرانی بێ سنوور، لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، سەبارەت بە دۆخی ئازادی رۆژنامەگەری لە جیهاندا، ئێرانی لە ریزبەندی ١٦٤ەمین لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا داناوە.

ئەمەش بەو مانایەیە کە لە کاتێکدا بە پێی پێوەرەکانی گەندەڵی ئێران لە دۆخێکی خراپدایە و پێویستی بە میدیای کاریگەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، میدیاکانی ئێران ئازادیی کرداریان نییە بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی لەو شێوەیە.

سەرچاوە: بی بی سی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین