رزگار ئەحمەد: لە ساڵانى هەشتاکان گەندەڵی لە بواری هونەری نەبوو کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

رزگار ئەحمەد، شانۆکار و ئەکتەر، ساڵانى هەشتاییەکان لە هەولێر بە سەردەمى زێرینى شانۆ ناودەبات و دەڵێت، "کارە هونەرییەکان پارەیەکى باشیان بۆ تەرخان دەرکرا بەبێ ئەوەى گەندەڵى تێدا بکرێ"

رزگار ئەحمەد کە زیاتر بە کارەکتەرى نورى کشمیش ناسراوە لە ناو خەڵکدا، لە دیمانەیەکدا سوپاسى ماڵپەڕى نوچەنێت دەکات، کە دواى (30) ساڵ یەکەم جارە دەزگایەکى راگەیاند داوا دیمانەى هونەرى لێدەکات.

 

دەقی دیمانەی ماڵپەڕى نوچەنێت لەگەڵ رزگار ئەحمەد ئەکتەر و شانۆکار:

نوچەنێت: سه‌ره‌تاى كارى هونه‌ریى رزگار ئه‌حمه‌د بۆ كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ ئایا هه‌ڵبژاردنى هونه‌ر به‌لاى تۆوه‌ رێكه‌وت بوو یان هۆكارێكى ترى هه‌بوو؟

رزگار ئەحمەد: یەکەم جارە پاش (30) ساڵ یەکەم نامەم لۆ بنێرن داوای چاوپێکەوتنێکم لێبکەن سوپاستان دەکەم، هونەرمەندانی شاری سلێمانی نامناسن، چونکە لەمێژە لەدەرەوەی وڵاتم کاریشم لەگەڵ نەکردوون، جگە لە هونەرمەند حەمە علی خان نەبێت کەکاری هونەریم لەگەڵ کردوە.

سەرەتای کاری هونەریم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1987 1979 کاتێ قوتابی بوم لە ئامادەیی کوردستانی نموونەی، کاری یەکەمم  لە ئامادەیی کوردستان و هۆڵی گەل بوو بەناوی (تەرازو) لە نوسینی ئەمینی میرزا کەریم، دەرهێنانی شوان چاوشین. هەڵبژاردنی هونەر بەڕێکەوت بوو، کاتێک ئاهەنگی قوتابخانەکان و یادى نەورۆزەکان دەکرایەوە، بەگۆرانی و مۆسیقا هەروەها نمایشی شانۆگەری و کورت چەند دیمەنێکی کورت لەنواندن .

هاوڕێ هاوپۆلێکەم هەبوو بەناوی شوان چاوشین، ئەو  هانیدام کە بچمە سەر شانۆ ، دوایی بووە هۆکاری خۆشەویستی نیشتمان و زمان و کەلەپوور، بە خۆشەویستی شانۆ بەرگری لەبوونی خۆت و زمان و نیشتمانەکەت بکەیت.

نوچەنێت: ئه‌و ناوانه‌ به‌ كورتى پێناسه‌ بكه‌ به‌گوێره‌ى ئه‌زموونى كاركردنى خۆت: ته‌لعه‌ت سامان، سه‌فوه‌ت جه‌راح، سه‌عدون یونس؟ 

رزگار ئەحمەد: کارم لەگەڵ هونەرمەندان خوالێخۆشبوو مامۆستا تەلعەت سامان، کە فەرمانبەر بوو لە ئامادەیی کوردستان کاتی خۆی، خۆی نواندنی نەدەکرد تەنیا نووسەر و دەرهێنەر بوو. لەسەر ئاستی هەولێر و کوردستان کارم لەگەڵ مامۆستایانی بەڕێز سەباح عەبدولڕەحمان و سعدون یونس و سەفوەت جەڕاح و نعمان عەبدول لەتیف و هاشم زەینەل و تەحسین شعبان و مامۆستا چەند حەسەن، مامۆستا چەتۆ  زیاتر بەنووسەرو ئەکتەر بەدەردەکەوت 

نوچەنێت: چ هونه‌رمه‌ندێكى كورد له‌سه‌ره‌تادا كارت له‌گه‌ڵ كردووه‌ و تا ئێستا پێیوه‌ كاریگه‌رى؟تۆ له‌ شانۆ و دراما به‌شدارییت ده‌كرد، هه‌ستت ده‌كرد كامیان له‌ تۆ نزیكتره‌؟ 

رزگار ئەحمەد: مامۆستا سەباح عەبدولڕەحمان و مامۆستا سەعدون یونس و ئەحمەد سالار  کاریگەریان هەبوە ،کاتێک تەلەڤیزیۆن ساڵی هەشتاکان تەنیا شەش کاتژمێر هەبوو، درامای وەکو چڵپاو و مەسەلەی شارێک و پیسکەی تەڕپیل و موفەتیش گشتی و هەبوو نەبوو، پێشکەش دەکرد، ئەوانە هەموو کاریگەر بون کە بەردەوام بم. 

نوچەنێت: تۆ له‌ فیلمى ڤیدیۆیى "كۆنه‌ ده‌رگا" ناوبانگێكت په‌یدا كرد ئێستایش له‌ زه‌ینى بینه‌ران ماوه‌. ئایا پێدانى رۆڵى نورى كشمیش چۆن بوو؟ ئایا به‌ رێكه‌وت به‌ تۆ، ده‌مانه‌وێ هه‌ندێك باسى به‌ سه‌رهاتى چۆنیه‌تى وه‌رگرتنى ئه‌و كاره‌كته‌رمان بۆ بكه‌ى؟

رزگار ئەحمەد: بەشانۆ دەستم پێکرد لەشانۆ نزیکترم هەرچەندە درامای کەون دەرکە تەلەڤیزیۆنی بوو  بەرجەستەی کارەکتەری نوری کشمش م دەکرد زۆر ناوبانگی دەرکرد، زۆرترین بینەری هەبوو لەساڵانی نەوەتەکان و لای خەڵک و بینەر تاکو ئێستا حیواڕەکان دووبارە دەکەنەوە، تاکو ئێستاش خەڵکی بەئەمەک تەلەفۆنم لۆ دەکەن.

کەونە دەرکە پێش ئەوەی تۆماری بکەین بۆ تەلەفزیۆن لەسەر شانۆ پێشکەشمان کرد، زۆر زۆر سەرکەوتوبوو هونەرمەند حەمە علی خان دەوری جەلیلی خەریتەچی دەبینی.

نوچەنێت: جوڵانه‌وه‌ى هونه‌ریى نواند له‌ حه‌فتاكان و هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو له‌ هه‌ولێر چۆن وه‌سف ده‌كه‌ى؟

رزگار ئەحمەد: جولانەوەی هونەر بەگشتی نواندن بەتایبەتی سەردەمی زێڕینی بو بەمانای وشە،  کاتێک شانۆگەری قەڵای دمدم تۆمارکرا، دەرهێنانی مامۆستا ناسڕ حەسەن بوو  شەو لە هۆڵی گەل نوستین شەو لەوێ ماینەوە .

 لەبواری دەق و  هەڵبژاردنی دەق و  وەرگێرانی لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی و دەرهێنان هەرچەندە تەکنۆلۆژیا ئەوەندە پێشکەوتو نەبوو، بەڵام دەزگایەک هەبوو لە هەولێر و بەغدا ناوی دەزگای سینەما و شانۆ بوو، پارەکی باش بۆ تەرخان دەکرا بەشی هونەرە میلیەکان و بەشی سینەما و شانۆ،  دەبوا ساڵی دوو سێ بەرهەمیان هەبوایە، بەدواداچوون هەبوو بۆ بەرهەمەکان، گەندەڵی لەبواری هونەری نەبوو، چەند تیپی تریش هەبوو وەکو کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد تیپی هونەری هەولێر، ئەوانیش بەرهەمی خۆیان هەبوو، تاکو لەعێراقیشدا هونەری نواندن زۆر پێشکەتووتر بوو.

نوچەنێت: پەیوەندیت لەگەڵ ئەکتەرەکانی کۆنە دەرگا چۆنە؟ ئایا پەیوەندیتان ماوە؟

رزگار ئەحمەد: پەیوەندیمان لەگەڵ یەکتر ماوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی  جەنجاڵی ژیان وای لێکردوە هاوڕێیەتی کەم کردوەتەوە و بەهۆی ئەوەی من لەدەرەوەی وڵات دەژیم، هەندێک پەیوەندی کەم بویتەوە، هەروەها پارە هەندێک لەکەسەکانی گۆڕیوە و دەڵێی کەسەکانی جاران نین، بەگشتی قسەدەکەم پەیوەندییەکان کەمترە لە جاران مرۆڤ خۆی گۆڕاوە نەک زەمانە، هەیە بەناوی ڕۆژگار قسەی دەکات ژیان و تەکنەلۆژیا گۆڕاوە و پێشکەوتوو بووە، بەڵام مرۆڤ ..

نوچەنێت: ساڵانێكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌ژیت ئایا له‌گه‌ڵ هیچ ستافى بیانى كارت كردووه‌.؟

كارى نوێى هونه‌رییت چییه‌؟

رزگار ئەحمەد: جگە لە هونەری نواندن دەقەکی کورتە فیلمم نوسیووە و دەرهێنانی خۆم بوو بەناوی Nostalgic بەزمانی ئینگلیزیە ژێر نوسی کوردیە، بەیارمەتی  وێنەگری بە توانا سۆران سۆرانی DOP . لەکەناڵی یوتیوبم دامگرتوە، دەقەکی ترم هەیە لەوانەیە لەلەندەن وێنەی بگرین خوا یار بێت، هونەرێکی ترم هەیە ئەویش وێنەگرتن بەکلیپ کردنی هەندێک لەگۆرانییە کۆنەکان بە مۆبایل دەتوانی لەکەناڵی یوتیوب سەیر بکەن بەناوی Rizgar Ahmad.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین