فۆکس نیوز: ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادەکاری دەکات ئێران

نوچەنێت

فۆکس نیوز، لە راپۆرتێکدا کە لەسەر بنەمای زانیارییە دزەپێکراوەکان رایگەیاندووە، ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە دەکات. ژەنراڵێکی ئیسرائیلیش دەڵێت، "دەرئەنجامی ناوچەیی و جیهانییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئیسرائیل لە شەڕی ئۆکرانیا زیاتر دەبێت".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دوای کۆبوونەوە نهێنییەکانی نێوان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگری و دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل، بڕیاری گرتنەبەری رێوشوێن دژ بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دراوە.

ئەمیر ئاڤیڤی، ژەنەراڵی دیاری ئیسرائیل و دامەزرێنەری "ئەنجوومەنی ئاسایشی بەرگری ئیسرائیل" لەو بارەوە دەڵێت، وڵاتەکەی رێگە نادات ئێران ببێتە ئەتۆمی.

لە وتووێژێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز ئاڤیڤی دەڵێت: بەو پێیەی ئێمە شاهیدی پێشکەوتنی بێ بەربەستی بەرنامەی ئەتۆمی سەربازی ئێرانین بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی چەک، ئیسرائیلیش خۆی بۆ جێبەجێکردنی بژاردەی سەربازی خۆی ئامادە دەکات.

گرژیی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە چەند هەفتەی رابردوودا دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران توندتر بووە. 
تاران بانگەشەی ئەوە دەکات، کە ئەم "کردەوە دەستدرێژییانە" لە لایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە بە پشتبەستن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان داڕێژراون و ئامادەکراون.

بەگوێرەی رۆژنامەی تەلەگراف، ئەو وڵاتە هۆشداری داوەتە ئەمریکا و فەرەنسا، ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی نەکات، بە تەنیا مامەڵە دەکەن.

بنیامین ناتانیاهۆ رۆژی سێشەممەی رابردوو لە کۆنفرانسێک لە لەسەر بابەتی ئاسایشی نیشتمانیدا رایگەیاند: تەنیا شتێک کە دەوڵەتە سەرکێشەکانی لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی راگرتووە، هەڕەشە یان کردەوەی سەربازی باوەڕپێکراو بووە.

بە گوتەی ژەنەراڵ ئاڤیڤی "رێگریکردن لە بە ئەتۆمیکردنی ئێران، ئەولەویەتێکی جیهانییە، کە دەبێت بە سەرکردایەتی ئەمریکا و لەسەر بنەمای پلانێکی سەربازیی باوەڕپێکراو و سزای پەکخستن بێتەدی".

ئەم ژەنراڵە دەشڵێت: ئەگەر وڵاتانی ئازادی جیهان، نەتوانن هەنگاو بەرامبەر ئێران بنێن، ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی تری نابێت، جگە لەوەی بەتەنها مامەڵە بکات بۆ پاراستنی بوونی خۆی. ئاماژە بەوەش دەکات کە "دەرئەنجامی ناوچەیی و جیهانییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئیسرائیل لە شەڕی ئۆکرانیا تێدەپەڕێت و پێدەچێت تەحەدای سەقامگیریی جیهان لە ئاستێکی بێ وێنەدا بکات".

سەرچاوە: یۆرۆ نیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین