تاڵیبانی شیعە لە ئێران سەریهەڵدا و چالاکی سەرەکییان تۆقاندنی کچانە ئێران

نوچەنێت

دوای ئەوەی بریکاری وەزیری تەندروستی دانی بەوەدانا کە زەنجیرەی ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکانی قوم و ژمارەیەک لە شارەکانی ئێران "بە مەبەست" بووە، ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی حەوزەی قوم دەڵێت، "گروپێک ناسراو بە "هزارەگرا" لە پشت ئەم ژەهراویکردنە زنجیرەییانەوەن".

ژەهراوی کردنی زنجیرەیی خوێندکاران ل٣٠-١١-٢٠٢٢ لە شاری قوم دەستی پێکرد و تا ئێستا سەدان خوێندکار لە ٦٠ قوتابخانەی ئەم شارە ژەهراوی کراون، کە بە شێوەیەکی سەرەکی قوتابیانی پۆلی حەوت و هەشتی کچان بوون.

ژەهراویبوونی قوتابیان لە ئێراندا تەنیا لە قوتابخانەکانی قومدا سنووردار نییە و لە قوتابخانەکانی شارەکانی دیکەی ئێران لەوان بروجێرد و تاراندا تەشەنەی کردووە.

رۆژی یەکشەممە ٢٦ی فێبریوەری، محەممەد تەقی فازڵ مەیبودی، مامۆستای حەوزەی عیلمییەی قوم، دوای وروژاندنی پرسی ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکان و ناڕوونییەکانی سەبارەت بە هۆکار و هۆکارەکانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "کەناڵی شەرق" رایگەیاند: "راستە کە ئەم رووداوە بە مەبەستە بووە. دەگوترێت گروپێک بە ناوی هزارەگرا بەرپرسیارن لەم زنجیرە ژەهراویبوونە لە قوتابخانەکاندا.

بەپێی لێدوانەکانی ئەم پیاوە ئایینییە لە شاری یەزد، "ئەم گروپ و قوتابخانەی بیرکردنەوەیە پێیان وایە کچان نابێت بخوێنن یان دواجار تا ئاستی سێیەم سەرەتایی بخوێنن". هەروەها ئەم بزووتنەوەیەی بە "بزووتنەوەیەکی ئایینی و دژە مۆدێرنیتە" وەسف کردووە.

فازڵ مەیبودی دەشڵێت: کۆمەڵناسێک کە ناتوانێ ناوی ئاشکرا بکات، لێکۆڵینەوەیەکی لە شاری قوم ئەنجامداوە و گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، کە ئەم ژەهراویبوونانە "رووداو نییە" و "هزارەگرا"کان بەرپرسیارن لە روودانیان.

ئەم پیاوە ئایینییە سەبارەت بە بارودۆخی زاڵ لە قوم، دوای ئەم ژەهراویکردنانە روونی کردەوە، کە "ترس و تۆقاندن لە قوتابخانەکانی کچاندا هەیە". کۆمەڵناسێک کە لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامداوە، پێی وایە ناوەندی ئەم گروپە لە قوم و ئیسفەهانە. هەروەها وێڕای دەربڕینی "سەرسوڕمانی" خۆی لە بەدواداچوون نەکردن لەلایەن "دەزگاکانی حکومەت و ئەمنییەوە" و رووننەکردنەوەی لەبەردەم خەڵکدا، گوتی کە ئەم گروپە "هاوشێوەی تاڵیبانە".

مەیبودی، هۆشداری لە حوکمڕانی "کەشێکی ترس و تۆقاندن لە شارەکەدا" و رایگەیاند: "دەزانم خێزانەکان دەترسن کچەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە و رێژەیەکی زۆریشیان لە خوێندن بێبەش کراون لە پێناو رزگارکردنی گیانیان".

هەندێک لە بڵاوکراوەکان و میدیای حکومی ئێران لەوانە گۆڤاری وەرزی بە ناوی "چاوەڕوانی مەوعود" لە پێناسەی ئەم رەوتەدا نووسیویانە: "هزارەگرایی" بە واتای باوەڕبوون بە کۆتایی نزیکبوونەوەی سیستەمی ئێستای جیهانی و سەرهەڵدانی حکومەتێکی چاکەکاری، هاوسەنگی و دادپەروەری لە جیهاندا.

لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵێک لە پیاوانی ئایینی پێشتر لە ساڵانی پێش سەرهەڵدانی داعش و لە سەردەمی سەرۆکایەتی مەحمود ئەحمەدی نژاددا - لە بارەی «شەپۆلێک لە خورافات» لە ژێر ناوی "هزارەگرایی" لە پەیوەندی لەگەڵ «دەرکەوتنی رزگارکەر» لە کۆمەڵگای ئێراندا هۆشدارییان دابوو. 

ئەحمەد ئەمیرئابادی فەرهانی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە ٢٧-٢-٢٠٢٢، لیژنەیەک کە لە ئەندامانی پەرلەمان و حکومەت پێکهاتووە، سەردامی قوم دەکەن بۆ بەدواداچوون و روونکردنەوەی روودانی ئەو ژەهراویبوونانە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا راپۆرتی جۆراوجۆر سەبارەت بە تێوەگلانی توندڕەوانی ئایینی لە ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکاندا بڵاوکراونەتەوە. وا دیارە ئەم کارە بۆ داخستنی قوتابخانەی کچانە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا هیچ راپۆرتێکیان سەبارەت بە ناسنامە و ناساندنی ئەنجامدەرانی ئەو رووداوانە نەخستووەتەڕوو.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین