ئیسرائیل بۆ رێگری کردن لە ئێران هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕتر دەکاتەوە ئێران

نوچەنێت

بڵاوکراوەیەکی ئیسرائیل، باسی لە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ ئەڵمانیا کردووە و نووسیویەتی "چاوەڕوان دەکرێت ئیسرائیل داوا لە ئەڵمانیا بکات کە سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکات".

رۆژی دووشەممە ٢٥ی مانگ رۆژنامەی "جروزالم پۆست" نووسیویەتی کە بڕیارە ئێلی کۆهن، رۆژی سێشەممە لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئیسرائیل بۆ راگرتنی ئێران لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی بەرەو ئەڵمانیا بەڕێبکەوێت، بە تایبەت دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانەی، کە کۆماری ئیسلامی لە چڕی پیتاندنی یۆرانیۆم نزیکبووەتەوە لە ئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، ئەم سەردانە ستراتیژییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ رێگریکردن لە ئێران لە دەستخستنی چەکی ئەتۆمی.

ئەڵمانیا یەکێکە لە ٣٥ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، کە بڕیارە رۆژی ٦ی مارس لەگەڵ ئەندامانی دیکەی ئەم ئەنجوومەنە لە ڤیەننا کۆببێتەوە و تاوتوێی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بە رێژەی ٨٤% بکات.

بەگوێرەی رۆژنامەییەی ئیسرائیل، کۆهن لە ئەڵمانیا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی، ئانالێنا بێربۆک کۆدەبێتەوە بۆ گەڕان بەدوای رێگاکانی قووڵکردنەوەی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات، لەوانەش شەڕی هاوبەشیان دژی کردەوە تێکدەرانەکانی ئێران.

هەروەها بڕیارە ئیسرائیل داوا لە ئەڵمانیا بکات، سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت، لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دیسانەوە لە دوای هێرشی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی ئیسرائیلی هەڵکشانەوە؛ بۆ ئەم داواکاریەش یەکێتی ئەوروپا پێشتر گوتوویەتی پێویستی بە بڕیاری دادگای ئەوروپا هەیە.

ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە سەروبەندی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسەکەدا بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا سەرچاوەکانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پێشتر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پیتاندنی یۆرانیۆمیان تا ٨٤٪ لە ئێران پشتڕاست کردۆتەوە.

سەرچاوە: العربییە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین