ئەمریکا وەزیری دەرەوەی ئێران بە درۆدەخاتەوە ئێران

نوچەنێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بانگەشەی وەزیری دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە پەیامی ئامادەیی ئەمریکا بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی رەت کردەوە و گوتی «زیندووکردنەوەی بەرجام چەند مانگێکە لە بەرنامەی کاردا نییە و هیچ پەیامێکمان بۆ ئێران نەناردووە».

پێشتر حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، بە کەناڵی العام-ی راگەیاندبوو، فەواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، دوای گەڕانەوەی لە واشنتۆن، هەڵگری ئەو پەیامەی ئەمریکا بووە کە «بۆ ئەنجامدانی» لەسەر بوژاندنەوەی بەرجام، «ئامادەن» و "تێگەیشتنمان لەم پەیامە ئەوەیە، کە ئەگەری رێککەوتن هەیە، ئەگەر دووڕووانە مامەڵە نەکەن.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وەڵامدا سەبارەت بەم بابەتە، ئەو بانگەشەیەی رەتکردەوە و رایگەیاند "تەنها دەسەڵاتدارانی ئێران دەتوانن روونی بکەنەوە کە بۆچی بەردەوامن لە ئەو درۆیانە" دەشڵێت، بەرپرسانی ئێران تا دەیانەوێت با قسەکانیان دووبارە بکەنەوە، بەڵام ئەمە هیچ واقیعەکە ناگۆڕێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، کە واشنتۆن پێشتر رایگەیاندبوو، کە دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام لە پێشینەی کارەکانی کۆشکی سپیدا نییە. پێدەچێت دوو پرسی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران و هەروەها ناردنی چەک بۆ رووسیا بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکرانیا، وای لە بۆ ئەمریکا کردووە، ئەم دانوستانانە گرنگی خۆیان لەدەست بدەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لە سەردانی ئەم دواییانەی وەفدی تاران لە بەغدا، لەسەر ناوەڕۆکی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق بووە لە سەر پرسی بانکی و دۆلار.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین