ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: ئێران زۆر نزیکە لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی ئێران

نوچەنێت

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، رۆژی سێشەممە ٩ی مارس بۆ یەکەمجار پشتڕاستی کردەوە کە پشکنەرانی ئەم دامەزراوەیە یۆرانیۆمی پیتێنراویان بە چڕی زۆر بەرز لە ئێران دۆزیوەتەوە.

رافائیل گەڕوسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، رۆژی سێشەممە ٢٨-٢-٢٠٢٣، لە راپۆرتێکی نهێنیدا بۆ ئەندامانی ئەم دامەزراوەیە، کە کۆپییەکی دەست میدیاکان کەوتووە، تێیدا نووسیویەتی «ئەو یۆرانیۆمەی کە لە ئێران دۆزراونەتەوە تا ئاستی ٨٣.٧% پیتێنراون و ئەم پلەیە لەو ئاستەی کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنان چەکی ئەتۆمی دوور نییە (٩٠%)».

ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات، کە لە مانگی یەکدا، لە کاتی پشکنینی شوێنی وێستگەی ئەتۆمی فردو لە سەدا ٨٣.٧ یۆرانیۆمی پیتێنراو دۆزراونەتەوە.

یەکەمجار ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ لە ١٩-٢-٢٠٢٣ بڵاویکردەوە، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی یۆرانیۆمیان بە چڕیی ٨٤٪ لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دۆزیوەتەوە، بەڵام ئاژانسەکە رەتیکردەوە پشتڕاستی بکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئێران ئەو راپۆرتانەی لەم پێوەندییەدا بە "پیلانگێڕی" بیانی ناوبرد و رایگەیاند، کە هەبوون یان دۆزینەوەی یۆرانیۆم بەم ئاستە چڕبوونەوە دەتوانێ دەرئەنجامێکی لاوەکی و کاتی پڕۆسەی پیتاندن بێت بە چڕی ٦٠٪، کە کۆماری ئیسلامی پێشتر ئەو دەزگایەی ئاگادار کردۆتەوە.

گەڕوسی لە راپۆرتە نهێنییەکەیدا، هەروەها باسی ئەم بانگەشەیەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی کردووە و نووسیویەتی: ئێران ئاگاداری کردووینەوە کە رەنگە بەرزی و نزمی بێ مەبەست لە رێژەی پیتاندن لە پرۆسەی گواستنەوەی رێکخستنی کاری ئامێرە پیتاندنەکان بۆ بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم بە چڕی ٦٠% رووبدات.

ڕۆژی سێشەممە وەزیرانی دەرەوەی ئاڵمان و ئیسرائیل نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەو ڕاپۆرتانە سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی ٨٤٪ لە ئێران دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم ئاستە لە پیتاندنی یۆرانیۆم هیچ پاساوێکی مەدەنی نییە.

ویلیام بێرنز، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (CIA)، هەروەها هۆشداری داوە، کە ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا زۆر پێشکەوتووە و "ئەگەر سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی بیانەوێت بەم قۆناغەدا تێپەڕن، ئەوا تەنها چەند هەفتەیەکیان ماوە بۆ پیتاندن بە چڕی ٩٠%" کە دەبێتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین