ئەفریقا بۆ ئێران چ گرنگییەکی هەیە و پلانە ستراتیژییەکانی چییە؟ وەرگێڕان

نوچەنێت

هەفتەی فەرەنسی ئێکسپرێس بابەتێکی بۆ هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی تەرخان کردووە بۆ توندکردنەوەی لە ئەفریقا بۆ ئەوەی رووبەڕووی رۆژئاوا ببنەوە، نووسیویەتی: بۆ رژێمی مەلاکان، ئەفریقا مەیدانێکی نوێیە دژی ئەمریکا و سعودیە.

کلمان ترم، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە پاریس و توێژەری کاروباری ئێران، بە هەفتەنامەی فەرەنسای راگەیاندووە، دژایەتی لەگەڵ فەرەنسا و رۆژئاوا لە ئەفریقا، کرانەوەیەکی ئایدیۆلۆژییە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. رژێمی ئیسلامی تاران، وەک مۆسکۆ بۆی دەرکەوتووە، کە دەتوانێت شەپۆلی دژە ئیمپریالیزم بەکاربهێنێت بۆ راکێشانی هاوپەیمانی نوێ لە ئەفریقا، کە وەک رژێمی تاران، بەر سزای نێودەوڵەتی کەوتوون.

ئێریک لۆب، توێژەرێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن، بە ئیکسپرێسی راگەیاندووە، کە رژێمی تاران سوودی لە پشتیوانی دیپلۆماسی لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان وەرگرتووە، لەنێویاندا دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و دوای هەوڵەکانی تاران لە ئەفریقا، پاڵنەرە ئابوورییەکان، ویست و ئامانجەکان ستراتیژی هەیە؛ چونکە ژمارەیەک وڵاتی ئەفریقا وەک جەزائیر و باشووری ئەفریقا، خاوەنی یەدەگی گەورەی یۆرانیۆم و کانە گرنگەکانی دیکەن. تاران هەروەها رووبەڕووی کەمی مەترسیداری ئاو دەبێتەوە، هەوڵدەدات لە وڵاتانی ئەفریقا بە دوای زەوی کشتوکاڵیدا بگەڕێت.

 بەپێی زانیارییەکانی ئیکسپرێس، ئێران لە بواری ئاسایشدا بەرەو ئەفریقاش پێشڕەوی دەکات و ئەو کیشوەرەش بە دیمەنی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رکابەرەکانی وەک سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسرائیل و ئەمریکا ناودەبات. 

تاران کە دوای تیرۆرکردنی قاسم سلێمانی، هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدات لە ئەمریکا، توانای ئەوەی هەیە ئەفریقا بکاتە تۆڵەسەندنەوە. بۆ نموونە لە مانگی ئەیلولدا، دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، سی ئای ئەی، پەردەی لەسەر هەوڵی کوشتنی باڵیۆزی وڵاتەکە لە باشووری ئەفریقا لادا. ساڵێک دواتر پانزە کەس لە ئەسیوپیا دەستگیرکران بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ کوشتنی دیپلۆماتکارانی ئیمارات. لەو کاتەدا دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، کە حکومەتی تاران ئامانجەکانی تری تیرۆریستی لە ئەفریقا پەیڕەو دەکات.

ئیکسپرێس دەڵێت، کۆماری ئیسلامی چەندین ناوەندی بەناو رۆشنبیری لە ئەفریقا دامەزراندووە، کە پێکهاتەی سەرەکییان لە سوپای پاسدارانە و پارەی زۆری خەرجکردووە بۆ دروستکردنی قوتابخانە و دەرمانگاکان.

 لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا، تاران پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ شیعەی لوبنان بەهێزتر کردووە، بە تایبەت لە کەناری عاج، سەنیگال و لە نەیجیریا، سەدان هەزار کەسی کردۆتە شیعە و پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ باشووری ئەفریقا فراوانتر کردووە.

ئێکسپرێس نووسیویەتی، کە یەکێک لە ئامانجەکانی تاران لە کێبڕکێدا لەگەڵ رکابەرەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کۆنترۆڵی دەریای سوورە، کە گرنگترین رێڕەوی بازرگانی و نەوتە لە جیهاندا. یەکێک لە ئامرازە گرنگەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، درۆنە خۆکوژەکانیەتی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن رووسیا لە جەنگی ئۆکرانیادا بەکاردەهێنرێت.

ئیکسپرێس، لە کۆتاییدا دەڵێت «ئەو کیشوەرەی کە نائەمنی لە هەڵکشاندایە، رەنگە "دیپلۆماسی درۆن" رۆژانی گەشاوەی لە پێش بێت.

درۆنی ئێران لە کاتی تاقی کردنەوەی لە ٢٠٢٢

سەرچاوە: ئاڕ.ئێف.ئای

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین