ئەمڕۆ لە ئێران بە گازی ژەهراوی لانیکەم هێرش کراوەتە سەر ٢٦ قوتابخانەی کچان ئێران

نوچەنێت

دوابەدوای زنجیرە هێرشە گازییەکان بۆ سەر قوتابخانەی کچان لە شارە جیاجیاکانی ئێران، راپۆرتە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی مارس، لانیکەم هێرش کراوەتە سەر ٢٦ قوتابخانەی دیکە.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە حکومەت یان هێزی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماری وردی سەبارەت بەو ژەهراویبوونەی کە بەهۆی ئەم هێرشانە بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان دروست بووە، نەخستۆەتەڕوو.

شەهریار حەیدەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی لە تاران، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند: تا ئێستا نزیکەی ٩٠٠ قوتابی لە پارێزگا جیاجیاکانی ئەم وڵاتە، ژەهراوی بوون و ئەمڕۆش ئەم ئامارانەم لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە وەرگرتووە.

لەو سێ مانگەی کە ئەم هێرشانە دەستی پێکردووە و تا ئێستا دەسەڵات و دامودەزگاکان هیچ ڕێوشوێنێکیان بۆ ناسینەوە و دەستبەسەرکردنی هێرشبەرەکان نەگرتووەتەبەر، بە شێوەیەکی سەرەکی قوتابخانەکانی کچان لە دوو شاری قوم و بروجێرد ئامانجی ئەو هێرشانە بوون.

بەڵام رۆژی چوارشەممە، مەودای ئەم هێرشانە فراوانتر بوون، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری پەروەردەی کۆماری ئیسلامی، هەوڵیدا بارودۆخی ئێستای قوتابخانەکانی وڵات کەم بایەخ لەقەڵەم بدات.

یوسف نوری لەم بارەیەوە بانگەشەی ئەوەی کرد، کە "زۆربەی ئەم بابەتە بەهۆی دروستکردنی کەشێکی دەروونییەوە بووە لەناو کۆمەڵی خوێندکاران و خێزانەکاندا".

ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدایە، کە سەرجەم ئەو راپۆرت و وێنانەی کە دەستیان کەوتووە ئاماژە بەوە دەکەن، کە خوێندکاران لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا تووشی تێکچوونی وەک سکچوون، سەرگێژە، بێ هێزی، ئیفلیجی کاتی و هەناسە تەنگی بوون.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، فەرمانی بە وەزیری ناوخۆ کردووە، کە "رەگ و ریشەی" ئەو ژەهراویبوونانە بدۆزێتەوە، بەڵام ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆ، رۆژی چوارشەممە هەر هەواڵێکی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەستیان لەم ژەهراویبوونەدا هەیە رەتکردەوە و گوتی "تا ئێستا هیچ کەسێک لەو بارەیەوە دەستگیر نەکراوە".

عەلیرەزا مەنادی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردەی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی گازی "N2" هۆکاری ژەهراویبوونی خوێندکارە کچەکانە. ئاماژەی بەوەشکردووە، کە "ئەم ژەهرە یەکسەر لە جەستەدا نامێنێت، هەر بۆیە دەستنیشانکردنی ئەستەمە".

زیادبوونی شەپۆلی ژەهراویبوونی کچە خوێندکارەکان بووەتە هۆی ئەوەی کاردانەوەکان بەرامبەر بەو ژەهراویبوونە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا لە زۆربوون دایە.

لەو بارەیەوە سەندیکای مامۆستایان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت "گریمانەیەکی بەهێز ئەوەیە کە هەوڵی وەرگرتنەوەی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەدات لە رێگەی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی لەنێو کچان و خێزانەکانیاندا".

سەندیکای مامۆستایان دەشڵێت: وێڕای ئیدانەکردنی توندی ئەو کارانە و خۆبواردنی دامەزراوە بەرپرسەکان لە بەدواداچوون و روونکردنەوەی ئەم بابەتە، دوای قبوڵکردن و راگەیاندنی بە ئەنقەست و رێکخراوانەی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان، لە دامەزراوە بەرپرسیارەکان چاوەڕوانی مامەڵەی کردەیی و دەستبەجێی دەکەین، کە لە ئاستی مامەڵەکردن لەگەڵ کردەوەی تیرۆریستی دەبێت.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین