54 وڵات داوای راگرتنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکەن ئێران

نوچەنێت

دەیان وڵات لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، کۆماری ئیسلامی بە هۆی جێبەجێ کردنی حوکمی لەسێدارەدان و بە تایبەت لە دژی ناڕازییانی ئەم دواییانە ئیدانە کرا. هەروەها ئەم وڵاتانە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاندووە، کە لە بەکارهێنانی ئەم سزایە لە ئێران، لە رادەبەدەر نیگەرانن.

لە دووەم رۆژی پەنجا و دووەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٥٤ وڵات بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوای "سنووردارکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ قورسترین تاوانەکان"یان کرد.

لەم بەیاننامەیەدا، پابەندبوون بە "کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان" وەبیر وڵاتان هێنایەوە و لەسەر بنەمای ئەوەش داوایان لەو وڵاتانە کرد، کە تا ئێستا سزای لەسێدارەدانیان هەڵنەوەشاندووەتەوە، ئەم سزایە "تەنها بۆ تاوانی زۆر قورس" و بە پابەندبوون بە گەرەنتییەکانی پرۆسەی یاسایی، کە لە جێبەجێکردنی پەیماننامەی پێشوودا هاتووە، جێبەجێ بکەن.

ئەو وڵاتانەی واژۆی بەیاننامەکەیان کردووە دەڵێن "پێویستە هەموو دەستگیرکراوەکان مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیان هەبێت لەلایەن دادگایەکی سەربەخۆوە، گریمانەی بێتاوانییان هەبێت، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و کەمترین گەرەنتی بەرگریکردن لە خۆیان؛ هەروەها مافی پێداچوونەوەیان هەبێت لەلایەن دادگای باڵاترەوە".

ئەم وڵاتانە لە بەیاننامەکەدا رایانگەیاندووە، کە "لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە ئێران لە رادەبەدەر نیگەرانن". ئەوان چەندین راپۆرتیان هێناوەتەوە، کە نیشان دەدەن لە ساڵی رابردووەوە سەدان کەس لە ئێران لە نێویاندا هەرزەکاران لە سێدارە دراون.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن کریستیان گیلەرمێت، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆستاریکا خوێندراوەتەوە، هاتووە "لە چەند مانگی رابردوودا، ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ دەیان کەس دەرکردووە یان داوای لەسێدارەدانی بۆ دەیان کەس کردووە، کە لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی دوای مردنی ژینا ئەمینی دەستگیرکراون".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، نابێت سزای لەسێدارەدان لەلایەن هیچ حکومەتێکەوە بۆ سزادانی ئەو کەسانە بەکاربهێنرێت کە بە ئامانجی «ترساندنی خەڵک یان بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆن» بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکەن.

نوێنەرانی ئەو وڵاتانە داوایان لە ئێران کرد کە گرنگی بە داواکارییەکەی کۆمیساریای باڵا بدات کە "رێز لە ژیان و دەنگی خەڵک بگرێت، دەستبەجێ سزای لەسێدارەدان سڕبکات و هەموو لەسێدارەدانەکان رابگرێت" و هاوکاری "هەموو میکانیزمەکانی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوانەش میکانیزمەکانی ئەنجومەن وەک لیژنەی دۆزینەوەی راستییەکان".

دوێنێ چوارشەممە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە جنێڤ، وتارێکی پێشکەش کرد و بەرگری لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران کرد و گوتی: هیچ وڵاتێکی بەرپرسیار ناتوانێت رێگە بدات رەفتاری توندوتیژی و نایاسایی، ئاسایش و نەزمی گشتی تێکبدات.

هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ناڕەزایەتییەکان لە دەرەوەی وڵاتەوە هاندراون؛ لەکاتەدا زۆربەی ئامادەبووان وەک پیشاندانی ناڕەزایەتی، هۆڵی کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت.

سەرچاوە: DW

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین