سەرۆک هەرێمى کوردستان: لە‌ ‏كاتی یاساییی خۆیدا ڕۆژی ھە‌ڵبژاردنەکان دیاری دە‌كەم کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە هەولێر پێشوازى لە سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، لە دیدارەکەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ڕایگەیاند، "‏كه‌شێكى ئه‌رێنى له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان."

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (دووى/ئادار/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر، پیشوازى له‌  ‏ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد.‏

لە کۆبوونەکەدا، کە تێیدا جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان ئامادە بوون، "دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ‏په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌نگاوەكان و گفتوگۆى نێوانیان بۆ چاره‌سه‌كردنى ‏كێشه‌كان، كارنامه‌ى حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق و دۆخى شه‌نگال"، ‏تاوتوێ كران.‏

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى له‌ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌زر نرخاند، دواتریش پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى بنه‌ماكان و ڕێككه‌وتنى پێكهێنانى ‏حكوومه‌تى نوێى عێراق و كارنامه‌كه‌ى خسته‌ڕوو، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ "‏كه‌شێكى ئه‌رێنى له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، ‏چاوه‌ڕوانیش هه‌یه كە به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ‏كارنامه‌ى حكوومه‌ت جدییه‌."

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، "خۆشحاڵیى خۆى به‌ ‏هه‌نگاوه‌كانى گفتوگۆى نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا نیشان دا و پشتگیریى نه‌ته‌وه‌ ‏یه‌كگرتووه‌كانى بۆ هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان دووپات كرده‌وه‌."

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ "وە‌ك سە‌رۆكی ھە‌رێمى كوردستان لە‌ ‏كاتی یاساییی خۆیدا ڕۆژی ھە‌ڵبژاردن دیاری دە‌كات و دە‌بێ لە‌مساڵدا ھە‌ڵبژاردن ‏ئە‌نجام بدرێت.‏"

ڕاگەیێندراوەکە دەڵێت، هه‌ردوولا هاوڕا بوون "له‌سه‌ر پێویستى و گرنگیى جێبه‌حێكردنى ڕێككه‌وتنى ‏حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى ‏دۆخى شه‌نگال، تا ببێته‌ هانده‌ر و ڕێخۆشكه‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ ئێزدییه‌كان بۆ ‏سه‌ر زێد و ناوچه‌كانیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان.‏"

سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ ‏یه‌كگرتووه‌كان ده‌رباره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، ئاماژەى بەوەکرد، كه‌ "چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ ناوخۆییه‌كان و یه‌كڕیزیى ‏لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌، پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى عێراق و له‌ ‏ده‌ره‌وه‌ش به‌هێز ده‌كات."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین