باوکی ژینا ئەمینی: لە سکاڵاکەم بەردەوام دەبم ئێران

نوچەنێت

باوکی ژینا ئەمینی دەڵێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە سکاڵای خۆمان و لەگەڵ بنەماڵەی ئەو کەسانەی کوژراون ئازارێکی هاوبەشمان هەیە.

گیان لەدەستدانی مەهسا (ژینا) ئەمینی، لە ژێر دەستی دەوریەی ئیرشاد ناڕەزایەتییەکی بێ وێنەی لە ئێران بەدوای خۆیدا هێنا کە دوای نزیکەی شەش مانگە تا ئێستاش بەردەوامە.

لە میانەی ناڕەزایەتییەکانی دوای مردنی ژینا ئەمینی، کە بە ناڕەزایەتی دژی حیجابی زۆرەملێ دەستی پێکرد و زۆری نەخایاند، حکومەتی بەتەواوی کردە ئامانج، زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر لە شارە جیاجیاکانی ئێران کوژران و بە پێی زانیارییەکانیش نزیکەی ٢٠ هەزار کەسیش دەستبەسەرکراون.

ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "دەنگی ئەمەریکا" رایگەیاندووە، ئەگەر سکاڵای لە دۆسیەی مردنی کچەکەیدا سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا بە هەر شێوازێکی دیکە، لەوانەش بە شێوەی گروپی، لەگەڵ بنەماڵەکانی دیکەی دادخواز، بەدوای ئەم بابەتە دەچێت.

ئەمینی هاوسۆزی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی سەرکوتی توندوتیژی شەش مانگی رابردوو دەربڕی و رایگەیاند کە "ئازاری ئێمە هاوبەشە" لەگەڵ ئەو بنەماڵانەدا.

 ئەمینی ئاماژە بەوە دەدات، کە بەدواداچوونی بۆ کەیسی دۆسیەی "کوشتن"ی ژینا تا ئێستا لەبەر ئەوە بووە، کە بیانوو نەدرێتەوە دەست هیچ کەسێک.

جێگەی ئاماژەیە، لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئەمە تاکە ناڕەزایەتییە ئەوەندە بەردەوام بر فراوان بێت لە ناو نەتەوە جیاجیاکانی ئێران.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین