ئێران مەرجەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی قبوڵ دەکات ئێران

نوچەنێت

رۆژی شەممە ٤ی مارس، ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لەسەر پشکنینی زیاتری چالاکییە ئەتۆمییەکان تاران رێککەوتن. ئەو سێ شوێنەی پێشتر رێگەی نەدەدا ئاژانس بیبینێت ئێستا رازی بووە، ئاژانسەکە چاودێری بکات.

ئەم رێککەوتنە دوابەدوای سەردانی دوو رۆژەی رافائیل گەڕوسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و دیداری لەگەڵ سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بوو.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆماری ئیسلامی، ئیرنا، دەقی بەیاننامەی هاوبەشی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بڵاوکردەوە، کە لە ئەنجامی سەردانەکەی گەڕوسی نووسراوە.

لەم بەیاننامەیەدا ئەنجامی دیدارەکانی رافایل گەڕوسی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە تاران، بە "ئەرێنی" هەڵسەنگاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە لایەنەکان پێیان وایە "ئەم جۆرە دیدارانە دەتوانن رێگا بۆ رێککەوتنی فراوانتر لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا خۆش بکەن".

سەردانەکەی گەڕوسی دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هات، کە تێیدا راگەیەندرا کە یۆرانیۆمی پیتێنراو نزیکەی چڕی ٨٤٪ لە بنکەی ئەتۆمی فردۆ، دۆزراونەتەوە. راپۆرتەکە کاردانەوەی ئەمریکا، ئیسرائیل و زلهێزەکانی ئەوروپای بەدوای خۆیدا هێنا.

لە بەیاننامەی هاوبەشی ئێران و ئاژانسدا هاتووە، کە کۆماری ئیسلامی "دەستپێشخەر بوو لە رێگەدان بە ئاژانس، کە ئەگەر پێویست بکات بۆ چالاکییەکانی وردبینی و چاودێریی زیاتر ئەنجام بدات".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، شێوازی ئەنجامدانی وردبینی زیاتر لە نێوان هەردوولا لە میانی کۆبوونەوەیەکی تەکنیکیدا کە بەم نزیکانە لە تاران بەڕێوەدەچێت، رێککەوتنی لەسەر دەکرێت.

هەروەها لە بەیاننامە هاوبەشەکەی پێشوودا ئاماژە بە ناکۆکی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، سەبارەت بەو سێ شوێنە رانەگەیەندراوەکە، کە یۆرانیۆمی تێدا دۆزراوەتەوە؛ ئێران ئامادەیی خۆی بۆ درێژەدان بە هاوکارییەکان و پێدانی زانیاری زیاتر و دەستڕاگەیشتن بەو شوێنانە راگەیاندووە.

ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئاژانس، سەبارەت بەم سێ شوێنە یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم رێککەوتنی تاران و واشنتۆن، سەبارەت بە بووژانەوەی رێککەوتنی بەرجام. ئێران ویستبووی دۆسیەی ئەم سێ شوێنە دابخات، بەڵام لەلایەن ئەمریکا، ئەوروپا و ئاژانسەوە دژایەتی کرا.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین