جیاوازیی بیروڕای نێوان ئەوروپا و ئەمریکا لەسەر ئێران چییە؟ وەرگێڕان

نوچەنێت

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە جیاوازیی بیروڕای نێوان ئەوروپا و ئەمریکا، سەبارەت بە جۆری وەڵامدانەوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاستی بەرزی ئێران دەڵێت: حکومەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی بایدن، لە بۆشایی بڕیارداندایە و نە ئەیانەێت کۆتایی بە رێککەوتنەکە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ "بەرجام" بهێنن و نە بوژانەوەی رێککەوتنەکە. 

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، رۆژی پێنجشەممە ٢ی مارس، دیپلۆماتکارانی ئەوروپایی کردەوەکانی ئێران بە هۆکاری مردنی رێککەوتننامەی ساڵی ٢٠١٥ دەزانن.

هەروەها "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" نووسیویەتی وڵاتانی ئەوروپا دەیانەوێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئێران بە فەرمی ئیدانە بکرێت و پێیان وایە حکومەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی بایدن لە بۆشایی بڕیارداندایە و نە ئەیانەێت کۆتایی بە رێککەوتنەکە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ "بەرجام" بهێنن و نە بوژانەوەی رێککەوتنەکە. 

ئەم رۆژنامە ئەمریکییە هەروەها هەوڵی ئەمریکای بۆ دەستگەیشتن بە راپۆرتی دەستەی بڕیاردانی سەرۆکایەتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، پێش شەرمەزارکردنی کردەوەی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆمی نزیک لە سنووری چڕی ٩٠% راگەیاندووە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاوکراوەتەوە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەندێک وردەکاری راپۆرتی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، سەبارەت بە یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی ٨٣.٧% لە بنکەی ئەتۆمی "فردۆ"، پنتاگۆن هەروەها هۆشداری داوە، کە ئێران تەنها ١٢ رۆژ مەودای هەیە بۆ تەواوکردنی ئەو سووتەمەنیەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.

بەڵام بەگوێرەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە کاتێکدا بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیاپشتیوانی تەواو بۆ سزادانی تاران دەکەن، ئیدارەی بایدن ئامادە نییە ئەو کارە بکات و بەدوای گفتوگۆیە لەگەڵ رژێمی کۆماری ئیسلامی.

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە دیپلۆماتکارە ئەوروپییەکان دەیانەوێت مردنی بەرجام رابگەیەنن، بەهۆی ئەم پێشێلکارییە ئاشکرایەی پابەندبوونەکانی بەرجام، لەلایەن ئێرانەوە، کە پێشتر راگەیەندرابوو کە پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی بەو ئاستە هیچ پاساوێکی مەدەنی نییە.

ئەمە یەکەمجار نییە، کە هەواڵ لەسەر هەوڵی ئەمریکا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بڵاودەبێتەوە. پێشتریش رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی، لە راپۆرتێکدا نووسیبووی، کە هەندێک لە دیپلۆماتکارانی حکومەتەکەی جۆ بایدن، فشار دەخەنە سەر حکومەتی بەریتانیا بەجۆرێک سەرەڕای پاڵپشتی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران نەخرێتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەم وڵاتەوە.

هاوکات دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، کە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستی دروستکردنی چەک هێڵی سوورە و تا ئێستا سەرۆکوەزیران و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەم وڵاتە چەندین جار باسیان لە پێویستی بژاردەیەکی سەربازی باوەڕپێکراو کردووە، بۆ رێگریکردن لە تاران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

رۆژی چوارشەممە ١ی مارس، "ئەکسیۆس" رایگەیاند کە دوو بەرپرسی باڵای ئیسرائیل بۆ وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا سەردانی واشنتۆن دەکەن. پێشتر، ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە میانەی گەشتەکەیدا بۆ بەرلین رایگەیاندبوو، لە دیدارێکدا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی، ئانالێنا بێربوک، پرسی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران دەوروژێنێت.

دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی باڵای حکومەتەکانی رۆژئاوا و ئیسرائیل لە کاتێکدا بەردەوامە، بە گوتەی شرۆڤەکاران، لە لایەکی دیکەوە، هاوکارییە سەربازی و تەکنیکییە دووقۆڵییەکانی ئێران لەگەڵ رووسیا تا دێت پەرەی دەستێنێ و رێگەی بە ئێران داوە، کە پێشکەوتنی بێ وێنە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا بەدەستبهێنێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە ترسناکە، بەرپرسانی سوپای پاسداران چەندین جار هەڕەشەیان لە ئەوروپا و ئەمریکا کردووە. پێشتر ئەمیر عەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران و دوای ئەویش حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکاندا رایانگەیاندووە، کە ئێران توانای مەودای مووشەکەکانی بۆ ٢٠٠٠ کیلۆمەتر زیاد کردووە و لە لێدوانێکی هەڕەشەئامێزدا رایانگەیاند، کە ئەم کارە لەبەر "رێزگرتن لە ئەوروپا"، ئەنجام نەدراوە و هیوادارم ئەوروپا "کەرامەتی خۆی بپارێزێت".

سەرچاوە: العربییە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین