بۆ یەکەمجار ئێران ئاماری دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان ئاشکرا دەکات ئێران

نوچەنێت

غوڵامحسێن موحسینی ئژەیی، بەرپرسی دەزگای دادوەری ئێران ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا دوای دەستگیرکردنیان، لێخۆشبوونیان بۆکراوە، "٨٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە".

ئەمە یەکەمجارە کە بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئێران بە خستنەڕووی ئاماری ئەو کەسانەی کە لێخۆشبوونیان بۆ کراوە، دان بە رادەی سەرسوڕهێنەری سەرکوتی حکومەت لە دژی خۆپیشاندەران دەنێت.

بەپێی چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی فەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ بەرپرسی دەزگای دادوەری "ژمارەی ئەو کەسانەی کە لێبوردنیان پێدراوە، لەوانە ئەوانەی کە لە «ئاژاوەگێڕی و شێوازی تر دەستبەسەرکراون، لەوانەش ئەوانە کە سزاکانی کەمکرایەوە، زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس".

بە گوتەی ئژەیی، نزیکەی دە هەزار کەس بە "سکاڵای تایبەت" دەستبەسەر کراون و لەم حاڵەتانەدا ئەگەر رەزامەندی سکاڵاکار وەربگیرێت، "تا نەوەد هەزار کەس یان تەنانەت زیاتریش" لێخۆشبوونیان پێدەدرێت.

 رێبەری کۆماری ئیسلامی، لە ٦ی فێبریوەری ٢٠٢٣، بە پێشنیاری دەزگای دادوەری بۆ "لێبوردن و کەمکردنەوەی سزای دەیان هەزار کەسی تۆمەتبار و سزادراو" ڕازی بوو، بەڵام ئەمە یەکەمجارە سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون و لێخۆشبوونیان بۆ کراوە ئامارێکی روون ئاشکرا بکرێت.

لە نەبوونی میدیای ئازاد لە ئێران و نەبوونی شەفافیەت لە شێوازی گرتن و تۆمەتبارکردنی خۆپیشاندەران، پێشتر رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باسیان لە دەستگیرکردنی نزیکەی ٦٠ هەزار کەس لەو ناڕەزایەتیانەدا کردبوو، بەڵام ئێستا بە گوتەی بەرپرسی دەزگای دادوەری، روونە کە ژمارەی ئەوانەی دەستگیرکراون لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە نزیکە لە ١٠٠ هەزار کەس.

لەم چاوپێکەوتنەدا ئژەیی بانگەشەی ئەوە دەکات کە "لێبوردن پرسێکی سیاسی کاتی نییە، بەڵکو بەشێکە لە جەوهەری شۆڕش".

دوای دەستگیرکردنی بەرفراوان لە کاتی ناڕەزایەتییەکان کە لە ٢٥ی ئەیلول دوای کوشتنی (مەهسا) ژینا ئەمینی، لە ژێر دەستی دەوریەی ئیرشاد دەستی پێکرد.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەم ناڕەزایەتییە بەرفراوانانەدا نزیکەی ٥٠٠ کەس کوژراون. ئەمە جگە لەو سەدان کەسەی، کە لە ئەنجامی تەقەکردنیان یان بە لێدان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، تووشی برینێکی گەورە بوون، بەتایبەتی چاوی خۆپیشاندەران.

حکومەتی ئێران هۆکاری ناڕەزایەتییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ حکومەتە بیانییەکان و بەرپرسیارێتی کوشتنی خۆپیشاندەران قبوڵ ناکات.

سەرچاوە: BBC

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین