عێراق پێویستی بە سێ‌ ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوون هەیە کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق رایگەیاند، ئێستا عێراق پێویستی بە دوو ملیۆن و 500 هەزار تا سێ‌ ملیۆن و 500 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون هەیە، تا كەمێك كێشەی نێشتەجێبوون چارەسەر بكات.

جابر حەسانی بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە شەشی ئاداری 2023 لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق ئاشكرای كردووە بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتەكەیان عێراق پێویستی بە دوو ملیۆن و نیو تا سێ ملیۆن و نیو یەكەی نێشتەجێبوون هەیە. ئەمەیش دوای هەندێك ئاسانكاری تر كە حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون داویەتی، لەوانە بڕیاری بە موڵككردنی زەویە كشتوكاڵییەكانی داوە.

بریكاری وەزارەتی نیشتەجێكردنی عێراق باس لەوە دەكات، ئەم ژمارەیەی مەزندە كراوە، تەنیا كێشەكە لە ئێستا چارەسەر دەكات و بۆ داهاتوو پێویستی بە یەكەی نیشتەجێبوونی زیاتر هەیە، بەلایەنی كەمەوە لە ساڵێكدا دەبێت 150 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون زیاد بكرێت، هۆكارەكەیش ئەوەیە كۆمەلگەی عێراق بە كۆمەڵگەیەكی گەنج دادەنرێت و گەشەی دانیشتووانی خێرایە.

پێشتر بەرپرسانی عێراق هۆشدارییان داوە لەوەی گەشەی دانیشتووانی عێراق ستانداردی جیهانی تێپەڕاندووە و گەشەكردنەكەی خێرایە. مەزندەیش دەكرێت دانیشتووانی عێراق سەرووی 43 ملیۆن كەس بن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین