هەفتانەی ئیکسپرێس: ژەهراویکردنی قوتابییەکان بە ئاگاداری بەرپرسانی ئێران ئەنجامدراوە

نوچەنێت

 هەفتانەی "ئیکسپرێس"ی فەرەنسی دەڵێت، هەرچەندە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، دوای چەند مانگێک بێدەنگی، ژەهراویکردنی قوتابخانەکانی کچانی ئیدانە کرد، بەڵام زەحمەتە باوەڕ بەوە بکرێت کە لە وڵاتێکی وەهادا ژەهراویبوون بەم ئاستە، لانیکەم بەبێ رەزامەندی ناڕاستەوخۆی رێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئەنجامدرابێت.

"ژەهری تۆڵەسەندنەوە لە ژنان"ی ئێران، ناونیشانی سەرنووسەری هەفتەنامەی "ئێکسپرێس"ی فەرەنسییە، کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە ژەهراویکردنی قوتابخانەکانی کچان لە ئێران. حەفتەنامەی فەرەنسی نووسیویەتی سەرەڕای دامەزراندنی سیستمێکی دژە فێمینیست، ٤٤ ساڵ لەمەوبەر لە ئێران، ٦٠٪ی دەرچووانی زانکۆکانی ئێران ژنن و پرسی ژنان هەمیشە چەقی پرسی کۆمەڵگای ئێران بووە لەم ساڵانەدا.

بە پێی راپۆرتی "ئێکسپرێس" شەپۆلی هێرشی ژەهراویکردن بۆ سەر قوتابیانی کچ هۆشدارییەکە بۆ هەموو ئێرانییە ناڕازییەکان و هەوڵێکە بۆ زەوتکردنی ژنان لە سەرەتاییترین مافەکانیان کە مافی خوێندنە.

بەپێی ئەم هەفتەنامەیە، هەرچەند عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، دوای چەند مانگێک لە بێ دەنگی، ژەهراویکردنی قوتابخانەکانی کچانی ئیدانە کرد، بەڵام زەحمەتە باوەڕ بەوە بکرێت، کە لە وڵاتێکی پۆلیسدا کە هەموو شتێک لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتدایە، ژەهراویکردن بەم قەبارەیە، لانیکەم بەبێ رەزامەندی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ئەنجامدرابێت.

 ئازادە کیان، مامۆستای کۆمەڵناسی لە فەرەنسا، بە هەفتەنامەکەی راگەیاندووە، گومانی تێدا نییە کە مەبەست لە ژەهراویکردنی بەربڵاوی کچانی قوتابخانە، ترساندن و رێگریکردنە لە رژانە سەر شەقامەکانە.
 بە گوتەی کیان، هەرچەندە بەشێک لە کۆمەڵگا بە هۆی ژەهراویکردنەوە کرایە ئامانج، بەڵام پەیامەکەی هەموو لایەک دەگرێتەوە.

ئازادە کیان لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە تاڵیبانکردنی ئێران بە کەمکردنەوە و دامرکاندنەوەی کچان و ژنانی گەنج بۆ دایکان و هاوسەران دەڵێت، بناژۆخوازانی کۆماری ئیسلامی لەوانەش عەلی خامنەیی، بوونی ژنان لە زانکۆکان قبوڵ ناکەن و پێیان وایە، خوێندنی باڵا بۆ ژنان، رێگری لە هاوسەرگیری و منداڵبوون دەکات.

سەرچاوە: RFI

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین