خوێناویترین ڕۆژى  له‌ میانمار به‌ڕێوه‌چوو عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی "ڕۆژی سوپا"، هەزاران هاووڵاتی ناڕازی لە کودەتای سەربازی لە شارە جیاوازەکانی میانمار خۆپیشاندانیان کرد. پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی میانمار تەقەیان لە خەڵک کرد و بە کوشتنی لانیکەم ٨٩ کەس، خوێناویترین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانیان تۆمار کرد.

بە پێی هەواڵێکی "دویچە ولە"، سەرۆکی حکومەتی کودەتا هێشتا باس لە پاراستنی "دیموکراسی" لە بەرانبەر "تیرۆریزم" دەکات. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی ئێوارەی شەممە ٢٧ ئادار، لانیکەم ٨٩ کەس لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە گیانیان لە دەست دا.

لە دەستپێکی خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە دژی کودەتای سوپا تا ئێستا، ئەوەندە کوژراو تۆمار نەکرابوو.

ڕێکخراوی بەرگری لە زیندانیانی سیاسیی ڕۆژی شەممە ٢٧ی ئادار بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک هەواڵی کوژرانی ئەو ژمارەیە لە خۆپیشاندەرانی لە میدیاکان بڵاو کردەوە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەواڵنێری ئاسۆشیتێد پرێس ڕایگەیاندووە ژمارەی قوربانییانی ڕۆژی ٢٧ی ئادار لانیکەم ١١٤ کەسە.

دەوترێت لە نێو ئەو کەسانەدا کە لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لە دەست داوە، لانیکەم منداڵێکیش هەیە.

سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەو سەرکوتە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە، بەڵام ڕووسیا ڕایگەیاندووە پەرە بە هاوکارییە سەربازییەکانی خۆی لەگەڵ میانمار دەدات. 
جێگای ئاماژەیە ڕووسیا و چین لەو وڵاتانەن کە لە مەراسیمی "ڕۆژی سوپا" لە میانمار بەشدارییان کردووە.

دومینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو کەسانەن کە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی گەلی میانماریان بە توندی مەحکوم کردووە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین