عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی لە وتارێكی شیكاری باس لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت "ادارە الدولە" دەكات كە لە پێكهێنانی حكومەتی عێراق بەشدارن، دەڵێ‌ "چارەنووسی ئەو هاوپەیمانییە رۆشن نییە" سەبارەت بە هەوڵەكانی كوردیش لە وتارە شیكارییەكە هاتووە، "هیچ بەرەو پێشیچوونێك لە دانوستاندنەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا نییە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە نۆی ئاداری 2023 ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی لە وتارێكی شیكاری باس لەو ئاستەنگانە دەكات كە رووبەڕووی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەبێتەوە. راپۆرتەكە باس لەوە دەكات كۆمەڵێك ئاڵنگاری گەورە لەبەردەم حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی هەیە، كە ئەمانەیش ناكۆكییان لەنێوان هاوپەیمانییەكە دروست كردووە، كە دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەیش دابەزینی بەهای دینارە.

وتارەكەی ئەنادۆڵ باس لەوە دەكات هەڵسوكەوتی ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، ناڕەزایی لێكەوتووەتەوە و تەنانەت زیاتر لە 50 پەرلەمانتار یاداشتێكیان داوەتە پەرلەمان بۆ ئەوەی بانگهێشتی فوئاد حوسێن بكرێت، لە هەڵسوكەوتی باڵیۆزی ئەمریكا ئاگادار بكرێتەوە، چونكە بە گوتەی ئەوان ئەو بەرپرسە ئەمریكییە دەست لە كاروباری عێراق وەردەدات.

لە وتارەكەی ئەنادۆڵ هاتووە، ناكۆكییەكی زۆر لەنێوان لایەنەكانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەیە، بە تایبەتی كورد و سوننە لەگەڵ شیتعەكان و تەنانەت بەگوتەی راپۆرتەكە لەناو خودی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەیش ناكۆكییەكی توند هەیە. لە بەشێكی راپۆرتەكە باس لەوە كراوە، لەوانەیە شاندەكانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا هیچ بەرەوپێشچوونێكیان بۆ پشكی هەرێم لە بودجە و دانانی یاسای نەوت و گاز مووچەی فەرمانبەران بەدەست نەهێنابێ‌، چونكە لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هیچ نیازێكیان نییە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك كە بەگوێرەی مادەكانی دەستوور هەردوو لا رازی بكات.

هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئەو هاوپەیمانەیە كە بۆ پێكهێنانی حكومەتی شیاع سوودانی دروست بووە و لە پارتی و یەكێتی  و هاوپەیمانی سیادەی سوننە و هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە پێكهاتووە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین