ئەکسیۆس: روانگەی ئیسرائیل و ئەمریکا لەبارەی ئێرانەوە لە یەک نزیکتر بۆتەوە ئێران

نوچەنێت

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "ئەکسیۆس"، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل، دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمریکی و ئەم وڵاتە لەم هەفتەیەدا سەبارەت بە ئێران، بە "ئەرێنی" وەسف کرد و دەڵێت، "ئێستا دوو وڵات سەبارەت بە ئێران روانگەیەکی زۆر نزیکتریان هەیە".

هاوکات لەگەڵ پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی ٨٤٪ لە ئێران، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی دیکەی ئەم وڵاتە لە چەند حەوتووی رابردوودا جەختیان لە سەر پێویستیی هەڕەشەی سەربازیی لە دژی کۆماری ئیسلامی کردووەتەوە.

زاچی هانگبی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، بە سەرۆکایەتی شاندێکی ئەم وڵاتە، لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی، جەیک سولیڤان کۆبووەوە و بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە" لێکۆڵینەوەیان لە پێشکەوتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردووە.

بە گوێرەی ئەم راگەیەندراوە، هەردوو وڵات رێککەوتوون لەسەر رێگریکردن لە چالاکییە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەرپرسێکی دیکەی ئیسرائیل، ئەم دانوستانانەی بە رەنگدانەوەی هەماهەنگی زیاتری نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب لە دۆسیەی ئێران زانی. لەو چوارچێوەیەدا، دەڵێت: رێککەوتنی ئەتۆمی لە بەرنامەدا نییە و دەسەڵاتدارانی ئێران لە ئۆکرانیا هاوکاری رووسیا دەکەن.

ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵاتی بە "جددی" زانی و ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسانی ئەمریکی لەم کۆبوونەوەیەدا شەفافیەتێکی زۆریان نیشانداوە. سەرەڕای ئەوەش دەڵێت، دژایەتی ئەمریکای لەدژی پێشنیاری سێ وڵاتی ئەوروپی بۆ پەسەندکردنی بڕیارنامەی مەحکوم کردنی کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە بێهیواکردن زانی.

 نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، رۆبێرت مالی، هەفتەی رابردوو لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پێویستە حکومەت بیر لە هەڵسەنگاندنی توانای رافایل گەڕوسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بکاتەوە، بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەم هەفتەیەدا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: ئەدای کۆماری ئیسلامی و پابەندبوونی بە ئەرکەکانی، پێوەری هەڵسەنگاندنی ئەمریکا بۆ هەڵسوکەوتی تاران دەبێت.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین