ئێران گرێبەستی کڕینی سوخۆ-35 راگەیاند ئێران

نوچەنێت

نوێنەری فەرمی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی هەینی ١٠ی مارس، واژۆکردنی گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی جەنگی "سوخۆی-٣٥"ی نێوان ئێران و رووسیای راگەیاند. ئەمریکاش دەڵێت "ئێران کاری ئەندازیاری پێچەوانە لەسەر چەکە رۆژئاواییەکان دەکات". 

ئاژانسی هەواڵی فەرمی حکومەتی ئێران (ئیرنا)، رایگەیاند: دوای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ و کۆتایی هاتنی سنووردارکردنی ئێران بۆ کڕینی چەکی ئاسایی (بڕیارنامەی ٢٢٣١ی نەتەوە یەکگرتووەکان)، ئێران گرێبەستی کڕینی چەکی ئاسایی کۆتایی پێهێنا".

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم بابەتەی ئاشکرا کردووە، لە کاتێکدا پێشتر رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، کە دەسەڵاتدارانی ئێران هێزی ئاسمانی خۆیان و بنکە ئاسمانییەکانی ئێران بەرز دەکەنەوە، لەوانەش ئەو بنکە ژێرزەمینییەی کە هێزی ئاسمانی سوپای ئەم وڵاتە، لەم دواییانەدا لە ژێر ناوی "عقاب ٤٤"، ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە فڕۆکە جەنگییەکانی دروستکراوی رووسیا.

هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی کۆتاییهاتنی گرێبەستی ئێران لەگەڵ رووسیا بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی سوخۆی-٣٥، چوار سەرچاوەی ئاگاداری ئەمریکی بە سی ئێن ئێنیان راگەیاندووە، کە رووسیا بەشێک لە چەک و تەقەمەنی ئەمریکی پەیوەست بە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، کە لە ئۆکرانیا دەستیەسەرداگرتوون (غنیمت) رەوانەی ئێران کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتی سی ئێن ئێن، ئەمریکا پێی وایە، تاران لە رێگەی ئەندازیاری پێچەوانەوە لەسەر چەکی بە غەنیمەت گیراو، هەوڵی بەرهەمهێنانی دەدات.

شرۆڤەکاران دەڵێن، هاوکاریی سەربازی و تەکنیکی دووقۆڵی نێوان رووسیا و ئێران، کە لە دوای گەیاندنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تەقەمەنی دروستکراوی ئێران بۆ ڕووسیا سەرنجی حکومەتەکانی رۆژئاوای راکێشاوە، نیشانەی فراوانبوونی پەیوەندییە سەربازییەکان و پێکهێنانی هاوپەیمانییە.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین