ئێران رێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ ئەمریکا راگەیاند ئێران

نوچەنێت

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران رێککەوتنی سەرەتایی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زیندانیانی نێوان تاران و واشنتۆنی راگەیاند. بەم پێیە بڕیارە ئەمریکا حەوت ملیار دۆلار لە پارە بەستووەکانی ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشوور بۆ تاران ئازاد بکات.

 حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی یەکشەممە ١٢ی مارس رایگەیاند: ئاڵوگۆڕی پەیامەکان هێشتا بەردەوامە لە دانوستانەکانی هەڵوەشاندنەوەی سزاکان و لە چەند رۆژی رابردووشدا گەیشتینە رێککەوتن لەسەر پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و ئەگەر هەموو شتێک لە لایەن ئەمریکاوە، بە باشی بڕواتە پێشەوە، لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت.

ئێستا سیامەک نەمازی، موراد تەهباز و عیماد شەرقی، سێ هاوڵاتی ئێرانی کە هاوکات خاوەن رەگەزنامەی ئەمریکان، بە تۆمەتی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندان.

ئەم زیندانییانە زیاتر لە حەوت ساڵە، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن" لە ئێران زیندانی کراون.

چەند مانگ پێش ئێستا، پێگەی هەواڵی نۆرنیوز، سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دانوستانەکانی بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان واشنتۆن و تاران پشتڕاست کردەوە. بەڵام نورنیوز ئەوەی بە "راستگۆیی و سیاسی نەکردن"ی ئەمریکا ناوی دەبرد بۆ "رێککەوتنی کۆتایی دانوستانییەکان" بە پێویست زانی.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمریکا دەیان کەسی ئێرانی بە تۆمەتی پێشێلکردنی گەمارۆوی سەر ئێران دەستبەسەر کردووە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا، کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکی، بە پشتبەستن بە "چوار سەرچاوەی ئاگادار"، بڵاویکردەوە، دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا بۆ ئازادکردنی زیندانیانی خاوەن دوو رەگەنامەیی (ئێران-ئەمریکا)، بە نێوەندگیری بەریتانیا و قەتەر لە ئارادایە، کە بە "پێشکەوتنی" بەخۆیە بینیوە.

بە پێی ئەم راپۆرتە بڕیارە ئەمریکا رەزامەندی لەسەر حەوت ملیار دۆلار لە پارەی بلۆککراوی ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشوور بۆ تاران بگەڕێنێتەوە و لە بەرامبەریشدا ئێران، زیندانیان رادەست بکات.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین