ئێران لەسەر پرسی بەندکراوانی فەرەنسی هەڵوێستی نوێ راگەیاند ئێران

نوچەنێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەندکراوانی فەرەنسی لەم وڵاتە خزمەتی کونسوڵگەری دەیانگرێتەوە و کۆماری ئیسلامیش ئامادەیە سەرلەنوێ بە سزاکانیاندا بچێتەوە، بەڵام ئەمە پەیوەستە بە هەڵسوکەوتی حکومەتی فەرەنساوە.

حەوت هاوڵاتی فەرەنسی بە تۆمەتی سیخوڕی و کردەوەی دژی ئاسایشی نەتەوەیی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر و زیندانی کراون و حکومەتی فەرەنساش بە بارمتەی حکومەتی ئێرانی دەزانێ و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کردووە.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ (دووشەممە ١٣ی مارس) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، جارێکی دیکە ئەو حەوت فەرەنسییەی زیندانیکراوی ئێرانی بە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی رابردوو لەم وڵاتە و هەروەها کارەکانیانی بە تاوان ناوبرد. دەشڵێت «زیندانیانی فەرەنسا لە خزمەتی کونسوڵگەری بەهرەمەندن و کۆماری ئیسلامی ئامادەیە سەرلەنوێ بە سزاکانیاندا بچێتەوە، بەڵام ئەمەش پەیوەستە بە هەڵسوکەوتی حکومەتی فەرەنسا».

کەنعانی دەشڵێت، حکومەتی فەرەنسا لە چەند مانگی رابردوودا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی شەقامەکان لە ئێران، هەڵوێستی نەشیاوی وەرگرتووە.

کەنعانی هەروەها وڵاتانی رۆژئاوای بە دەستوەردان لە کاروباری ئێران تۆمەتبار کرد و گوتی: بەرپرسانی پلە باڵای رۆژئاوا هەڵوێستی سیاسی و ویستی دەستێوەردانیان سەبارەت بە پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران گرتەبەر کە لە رووی ماف و یاساوە قبوڵکراو نەبوون.

سەرچاوە: RFI

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین