ئێران: ٢٢ هەزار خۆپیشاندەری زیندانی لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە ئێران

نوچەنێت

سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران دەڵێت، ئەو کەسانەی لێخۆشبوونیان بۆ دەرکرابوو ٢٢ هەزار کەسیان لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەر کراون. 

لە حاڵێکدا کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییەی ئێران بە وردی لە لایەن هیچ دەزگا و دامەزراوەیەکی حکومەتییەوە رانەگەیەندراوە، غوڵامحوسێن موحسینی ئژەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران لە گوتارێکیدا، ئەمڕۆ دووشەممە (١٣ی مارس) رایگەیاند، کە "٢٢ هەزار کەس" لە ئەوانەی کە لەم دواییانەدا لێخۆشبوونیان بۆ دەرکراوە لە گروپی "ئاژاوەگێڕانی لێخۆشبوودان کە یان سزا دراون یان پێش سزادان لێخۆشبوونیان".

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ئەدەبیاتی خۆیاندا بۆ هەر ناڕەزایەتییەکی گشتی دژ بە حکومەت وشەی "ئاژاوەگێڕی" بەکاردەهێنن و ناڕازییانیش بە "ئاژاوەگێر" ناودەبەن.

ئژەیی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای دەسەڵاتی دادوەریدا ئامادەبوو، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی بەم دواییە لێخۆشبوونیان بە "٨٢ هەزار کەس" راگەیاند و گوتی، ٢٥ هەزار کەس یان لە زیندان ئازادکراون یان سزای زیندانیکردنیان لێخۆشبوون گرتوویەتییەوە. هەروەها لە ئەنجامی لێبوردنی ئەم دواییە سزای ٣٤ هەزار کەس کەمکرایەوە”.

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لە رۆژی ٦ی ٣ی ٢٠٢٣، ژمارەی ئەو زیندانی و دەستبەسەرکراوانەی کە  "لێبوردنیان"بۆ دەرکراوە، بە "زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس" ناوبرد، بەڵام ئاماری وردی ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانی نەخستەڕوو کە ئازاد کراون. بە پێی ئامارێک زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس دەستگیرکراون.

تا ئێستا کۆماری ئیسلامی نەک هەر ئامارێکی وردی لەسەر ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ناڕازی نەخستووەتەڕوو، بەڵکو ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانیشی بە نهێنی هێشتۆتەوە.

بەپێی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، لە ژێر دەستی پۆلیسی ئیرشاد و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان، زیاتر لە ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. 

ئاژانسی "هەرانا" پێشتر لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو، لە ٨٢ رۆژی یەکەمی خۆپیشاندانەکاندا، ١٨ هەزار و ٢٤٢ کەس دەستگیرکراون.

سەرچاوە: DW

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین